ئاژەڵدارەكانی گوندی گەڵاڵە ڕوو لە کوێستانەکانی پێنجوێن دەکەن

ژمارەیەک لە گوندنشینانی گوندی گەڵاڵەی سنوری شارەدێی بەرزنجە، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما بۆ ناوچەکەیان، ڕوو لە کوێستانەکانی سنوری شارۆچکەی پێنجوێن دەکەن و ماوەی چەند مانگێک لەو سنورە دەمێننەوە و ئاژەڵەکانیان دەلەوەڕێنن، وەک خۆشیان دەڵێن، لەگەڵ ئەوەی ژیانیان قورسە، بەڵام دڵخۆشن بە کارەکەیان.


هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا ئاژەڵدارەكانی گوندی گەڵاڵەی سنوری شارەدێی بەرزنجەی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بەمەبەستی دابینکردنی شوێنێکی باشتر بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیان بەهۆی گونجاوی كەشوهەواكەی بۆبەخێوكردنی ئاژەڵەكانیان ڕوو لە گوندی سێبواران دەكەن لەسنوری شارەدێی ناڵپارێزی شارۆچکەی پێنجوێن، ڕۆژنیوز چۆنیەتی ژیانی ئەو هاوڵاتییانە لە زاری خۆیانەوە دەخاتەڕوو.

نەریتی گەرمیان و کوێستان کردنی ئاژەڵداران لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هێشتا ماوە، ئاژەڵدارەكانی گوندی گەڵاڵە، کە ژمارەیان١٢ ماڵە،منداڵ و ژنان و پیاوان ساڵانە لەم وەرزەدا ڕوو لە کوێستان دەکەن و هەموویان پێکەوەبە بەخێوكردنی ئاژەڵەكانیانەوەسەرقاڵ دەبن.

وەک، محەمەد عوسمان، یەکێک لە ئاژەڵدارەکان باسی دەکات، "ساڵانە لەمانگی شەشەوە روو لە پێنجوێن دەکەن، چونکە ناوچەکەی خۆیان گەرمە و لە وەرزی هاویندا گونجاو نییە بۆ ئاژەڵ بەخێوکردن، بەڵام گەندەکانی پێنجوێن، کەشوهەوای فێنکە، لەوەڕی هەیە و ئاوی پێویستیشی هەیە.

ئاژەڵداران بەیانیان لەگەڵ گەیشتنیان بە کوێستانەکانی پێنجوێن، ڕەشماڵ هەڵدەدەن و ناو ڕەشماڵەکەش بە قوڕ سواغ دەدەن، قوڕیش دەدەن لە بن چیخ و ڕەشماڵەکانیان بۆ ئەوەی لەکاتی هەڵکردنی ڕەشەبادا جێگیر و پارێزراوبن.

بەرەبەیان لەگەڵ دەرکەوتنی سپێدە، ژنان چا لێدەنێن و دواتر دەست بە ژەندنی مەشکە دەکەن، پیاوانیش دوای خورادنی نانی بەیانیی، ئاژەڵەکان دەبەن بۆ لەوەڕاندن، نیوەڕۆش بۆ پشوودان دەگەڕێنەوە ناو خێزانەکەیان و بەدەم خواردنی نانی نیوەڕۆ و نۆشکردنی دۆی تازە، بەسەرهاتی ئەو ڕۆژەیان بۆ یەکتر دەگێڕنەوە و ماندوێتییان دەڕەوێننەوە.

سەرلەئێورانیش جارێکی دیکە ئاژەڵەکان دەبەنە دەرەوە و ئیوارە دەیانگەڕێننەوە بۆ ناو تەویلەکانیان، ژنان لە شیری ئاژەڵەکان، ماست، پەنیر، دۆ و دۆوشکە، کەشک و کەرە و ڕۆن بەرهەم دەهێنن، بەشی خۆیانی لێ هەڵدەگرن و ئەوی دیکەشی دەفرۆشن و بژێویی خۆیانی پێ دابین دەکەن.

باردەكەینوڕوو لەم ناوچەیە دەكەین،بەهۆی ئەوەی ناوچەكەی خۆمان باش نییە بۆ بەخێوكردنی ئاژەڵەكانمان لەوەرزی هاوینداو گەرمە، بەڵام ئێرە كەشوهەواكەی گونجاوەو فێنكە بۆ بەخێوكردنی ئاژەڵەكانمان، هەموو ساڵێک تا ٢٠ی ئەیلول لێرە دەبین،لەگەڵ كردنەوەی قوتابخانەكاندا دەگەڕێینەوە بۆ ناوچەکەی خۆمان".

ناسكە سابیر، یەکێک لەو ژنە کۆچەرییانەیە و زیاتر لە بارەی ژیانیانەوە قسەی کرد و وتی: "بەدرێژایی تەمەنم سەرقاڵی ئەم کارەبووین، ژیانمان خۆشەوڕاهاتووین لەگەڵیدا".

ئەحمەد ئەبوبەكر، ئاژەڵدارێكی دیكەیە و باس لەوە دەکات"هەرچەندە ژیان لێرە قورسە،بەڵام ژیانمان لەسەر بەخێوكردنی ئەو ئاژەڵانەیە و دەبێت بیكەین، بەرهەمی ئاژەڵەكانیشمان لە بازاڕەكاندا بەشی خزم و كەسیشی لێدەدەین".

ئاژەڵداران ماوەی سێ مانگ لە کوێستانەکانی پێنجوێن دەمێننەوە و لە مانگی نۆ-دا و لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندنگاکان، دەگەڕێنەوە بۆ شوێنی سەرەکییان، بۆ ئەوەی منداڵەکانیان لە خوێندن دانەبڕێن.

ک.س