ئەسپسواریی وەرزشێکی نوێ لە سلێمانی

ئەسپسواریی وەک وەرزشێکی نوێ دێتە شاری سلێمانی و ئارەزوومەندان دەیانەوێت وەک وەرزشێک سودی لێببینن.


نزیکەی دوو مانگە، پرۆژەی ئەسپسواریی لە بەرزاییەکانی شاری سلێمانی، لە لایەن سێ ڕاهێنەرەوە دەستیپێکردووە، کە پێکهاتوون لە ژنێک و دوو پیاو و ئارەزوومەندان فێری ئەسپسواریی دەکەن لە تەمەنی١٠ ساڵییەوە بەرەو ژوورتر، ئەمەش پرۆژەیەکی نوێیە لە شاری سلێمانی.

فێرکارییەکە لە مەیدانێکی تایبەت-دا بەڕێوەدەچێت، کە شێوەی بازنەییە بە تیرە ٤٥ مەتر، کە دەکاتە هەزار و ٥٨٩ مەتر دووجا، بە لم ڕووپۆش کراوە، هەبونوی ئەو لمە جگە لەوەی ژینگەیەکی تایبەت بە ئەسپە، بۆ فێرخوازانیش گرنگییەکەی لەوەدایە، کە لەکاتی کەوتنە خوارەوەیان لەسەر ئەسپەکە ئازاریان پێ نەگات.

لەو مەیدانەدا ١٢ ئەسپ ئامادەکراون، کە وڵاتانی عەرەبیی، فەرەنسا و ئەڵمانیاوە هاوردەکراون بۆ فێرکردنی ئارەزوومەندانی ئەسپسواریی.

ئەسپەکان تەمەنەکانیان جیاوازە و گەورەترینیان تا ٢٥ ساڵە و فێرخوازانی کە متەمەن ڕاهێنان لەسەر ئەسپە تەمەن گەورەکان دەکەن، چونکە ئارامترن، گەنجەکانیش لە سەر تەمەن بچووکەکان، ڕۆژانەش خاوێن دەکرێنەوە و لە لایەن پزیشکەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت، بۆ ئەوەی بەدووربن لە نەخۆشیی.

بەگشتیی ئەو ئەسپانەی بۆ کاری ئەسپسواریی ئامادە دەکرێن، لە تەمەنی شەش مانگییەوە ڕاهێنانیان پێدەکرێت، بۆئەوەی ئەسپێکی کێویی لێدەرنەچێت، کە لە مرۆڤ بدات، لە تەمەنی سێ ساڵیشەوە بەکاردەهێندرێن بۆ فیرکردنی فێرخوازان.

ڕۆژانە نزیکەی ١٠ فێرخواز سەردانی شوینەکە دەکەن و ڕاهێنان بە هەر فێرخوازێک ماوەی ١٠ ڕۆژ دەخایەنێت و بە دوو شێوازە تیۆریی و پراکتیکیی، سەرەتا باس لە شێوازی مامەڵەکردن لە گەڵ ئەسپدا دەکرێت و پاشان شێوازەکانی ئەسپ زینکردن، خاوێنکردنەوە و یارییکردن لە گەڵیاندا، دواتر پێدەنێنە قۆناغی پراکتیکییەوە.

داستان کاکە ڕەش، تەمەنی ٣١ ساڵە و لە شاری هەولێرەوە ڕووی لە سلێمانی کردووە بە مەبەستی بەشدارییکردن لە پرۆژەکەدا وەک ڕاهێنەر، ئەو لەبارەی فێرخوازەکانەوە ئامژەی بەوەکرد، کە زۆرترین ئەوکەسانەی سەردانیان دەکەن بە مەبەستی فێربوون ژنن، بەوەش خۆشحاڵ بوو.

یەکێک لە فێرخوازەکان بە ناوی لاڤە فازل، کە تەمەنی ١٦ ساڵە و نۆیەمین ڕۆژی مەشقکردنی بوو بە ڕۆژنیوزی وت: زۆرم پێخۆشە، کە بەشدارییم کردووە، ئەمە ئاواتێکی منداڵییم بوو، وەرزشێکی خۆشە دەتوانێت مێشک ئارام بکاتەوە.

ش.ف