ئەو وڵاتانە کامانەن کە کۆرۆنایان تێدا تۆمار نەکراوە؟

لەکۆی ١٩٩ وڵات کە ڤایرۆسی کۆرۆنا تیایاندا تۆمار کراوە، تا ئێستا لە بەشێکیاندا مردن تۆمار نەکراوە، لە ٢٢ وڵاتی جیهانیش هێشتا ڤایرۆسەکە تۆمار نەکراوە.


لەگەڵ بڵابوونەوەی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا، ژمارەیەک وڵات شەپۆلی ڤایرۆسەکە بەتوندی بەریان نەکەوتووە و چەند وڵاتێکیش هێشتا ڤایرۆسەکەیان تێدا تۆمار نەکراوە.

ئێستا لە ١٩٩ وڵاتی جیهان ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕیزبەندی یەکەمی جیهانی وەرگرتووە لە بەرزی ڕێژەی توشبوونی بە ڤایرۆسەکە و گەیشتووەتە ١٤٢ هەزارو ٧٣٥ توشبوو، چەند وڵاتێکی دەریای کاریبیش کەمترین توشبووی ڤایرۆسەکە تیایاندا تۆمار کراوە، وەک سانت کیتس، کە تا ئێستا دوو تووشبووی لێ تۆمار کراوە.

لەنێو ئەو ١٩٩ وڵاتەی جیهان کە ڤایرۆسەکە تیایاندا تۆمار کراوە، ٦٦ وڵاتیان هێشتا مردن تیایاندا تۆمار نەکراوە، لەوانەش وڵاتی لاتیڤیا ٣٧٦ حاڵەتی تێدا تۆمار کراوە و سلۆڤاکیاش ٣١٤ حاڵەت و کوێت ٢٥٥ حاڵەت و ڤێتنام ١٩٤ حاڵەت و رۆهینگیا ١٨٣ و عومان ١٦٧ حاڵەت تۆمار کراوە، بەبێ ئەوەی هیچ توشبوویەک بە ڤایرۆسەکە گیانی لەدەستدابێت.

لەگەڵ ئەوەشدا ٢٢ وڵات هێشتا کۆرۆنا دەستی پێیان نەگەیشتووە، کە کەوتوونەتە کیشوەری ئەفریقاو ئاسیا و ئۆقیانوسەوە، دیارترینیان وڵاتی یەمەنە کە جەنگ بە تەواوی تینی لێ بڕیوە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٣٠ ملیۆن کەسە.

هاوکات کۆریای باکوریش یەکێکی دیکەیە لەو وڵاتانەی هێشتا ڤایرۆسەکە تیایدا تۆمار نەکراوە کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٥ ملیۆن کەسە، وڵاتی مالاوی ئەفریقاش یەکێکی دیکەیە لەو وڵاتانەی ژمارەی دانیشتوانی زۆرە و هێشتا ڤایرۆسەکەی تێدا تۆمار نەکراوە کە ١٩ ملیۆن کەس دەبێت، بوروندیش بە ١٢ ملیۆن دانیشتوانەوە هێشتا ڤایرۆسەکەی تێدا تۆمار نەکراوە.

هەموو ئەو وڵاتانەش بۆ خۆپارێزیی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، تەواوی گەشتەکانیان بەڕووی دەرەوە ڕاگرتووە و پرۆسەی خوێندن و چەند چالاکییەکی دیکەیان ڕاگرتووە.

 

ش.ف