ئەو ٢ هاوسەرەی دوابەدوای یەک گیانیان لەدەستدا بەخاک سپێردران

تەرمی ئەو دوو هاوسەرە لەتەنیشت یەکەوە بە خاکسپێردران، کە دوابەدوای یەک و پیاوەکە بەدیار تەرمی هاوسەرەکەیەوە گیانی لەدەستدا.


کاتژمێر ٦:٠٠ی بەیانی ئەمڕۆ، کاتێک لە مزگەوت گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، حیکمەت مەحمود-ی تەمەن ٥١ ساڵ بانگی سەروین کەسەبار-ی هاوسەری کرد، تاکو هەستێت نوێژی بەیانی بکات، بەڵام بەهیچ شێوەیەک وەڵامی نەدرایەوە و کاتێک تەماشا دەکات، جەستەیەکی بێگیان دەبینێت.

بە بینینی جەستەی بێ گیانی هاوسەرەکەی، حیکمەت بانگ لە منداڵەکانی دەکات و بەیەکەوە سەروین دەبەن بۆ نەخۆشخانە، بەئومێدی ئەوەی بەهاوکاریی پزیشک و بە وەرگرتنی چارەسەریی، ڕۆح بکرێتەوە بە بەریدا و خۆشەویستییەکەی باڵ بکێشێتەوە بەسەر ماڵەکەدا، بەڵام بێ سود دەبێت پزیشک پێیان دەڵێت، کە بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە.

لەکاتی گەڕانەوەیاندا بۆ ماڵەوە و ئامادەکاریی بۆ ناشتنی تەرمەکەی، حیکمەت مەحمود، بەدیار تەرمی هاوسەرە ٤٧ ساڵەکەیەوە دادەنیشێت و حاڵی زۆر پەرێشان دەبێت، دوای ٣٠ خولەک لە شین و زارییکردن بەدیار تەرمەکەوە، حیکمەت-یش گیان لەدەستدەدات، کەسوکارەکەشی دەڵێن، ئەو دوو هاوسەرە زۆر یەکتریان خۆشویستووە و حیکمەت بەرگەی گیانلەدەستدانی هاوسەرەکەی نەگرتووە، بۆیە خۆشی گیانی لەدەستداوە.

ئەم چیرۆکە لە گوندی باڵەیانی سەر بە شارۆچکەی سۆران-ی پارێزگای هەولێر ڕوویدا و هەر ئەمڕۆ لە گۆڕستانی گوندەکە تەرمی هەردووکیان لە تەنیشت یەکەوە بە خاکسپێردرا.

ئەو دوو هاوسەرە وەفادارە لەدوای خۆیان دوو کچ و کوڕێکیان بەناوەکانی (ژاڵە، مەروا و عەبدوڵا) بەجێهێشت.

عەبدوڵا، لە لێدوانیدا بۆ ڕۆژنیوز باس لە ساتی گیانلەدەستدانی باوکی دەکات و دەڵێت: دەمویست باوکم ئارام بکەمەوە، بەڵام هیچ توانایەکی نەمابوو، تەنیا هاواری دەکرد و دەگریا، باوکم و دایکم زۆر یەکتریان خۆش دەویست، وەک هاوڕێ بوون.

هەروەها، ژاڵە حیکمەت، بە داخ و حەسرەتێکی زۆرەوە دەڵێت: هیچ کەس نابێت بە دایک و باوکی من، ئەوان نمونەی سەردەمن لە وەفا و خۆشەویستیی، دڵنیام باوکم لەتاو ئازاری دایکم گیانی لەدەستدا.

دەرباز شێخە، خزم و دراوسێی ئە خێزانەیە و دەڵێت: ئێستا کە خۆشەویستیی و عەشقی ڕاستەقینە نەماوە، ئەوان راستگۆیی و عیشق و وەفایان نیشاندا.

ش.ف