ئەو پیاوەی هاوسەرەکەی و سێ کوڕی کوژرا کۆچی دوایی کرد

باوکی ئەو سێ برایەی هەینی ڕابردوو لە لایەن کوڕێکیانەوە لەگەڵ دایکیان کوژران، کەمێک پێشئێستا دوای مانەوەی چوار ڕۆژ بە برینداری لە نەخۆشخانەی شار، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە کۆچی دوایی کرد، تەقەکەرەکەش تائێستا بێهۆشە و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.


ئێوارەی ڕۆژی هەینی، لە گەڕەکی مامۆستایان لە شاری سلێمانی، لە ڕووداوێکدا کوڕێک تەقەی لە سێ برای و دایکی کرد  و باوکیشی بە سەختی بریندارکرد، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە باوکەکەش ئەمڕۆ گیانیلەدەستدا.

فەلاح حەسەن، ئامۆزای سێ براکە، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: کاتژمێر ٠٩:٠٠ئەم بەیانییە مامم کۆچی دوایی کرد و ئێستا لە گۆڕستانی کەڵەکن بە خاکی دەسپێرین.

فەلاح دەربارەی چارەنووسی تەقەکەرەکەش وتی: بە هۆی بێ هۆشبوون و ناجێگیر بوونی باری تەندروستی تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی لەگەڵدا نەکراوە.

دوای ڕووداوەکە تەقەکەرە هەڵهات، بەڵام دواتر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، دوای ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵیدا بە سێ گوللـە بریندار کرا و دەستگیرکرا، لە ئێستاشدا لە نەخۆشخانەی شارە لە سلێمانی و بەبێهۆشی لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

ک.س