باهۆز ئەرداڵ: خەڵکی باشور هەڵوێستێکی بەهێزیان نیشاندا

باهۆز ئەرداڵ، فەرماندەی نەپەگە، دەڵێت، هەموو کەس بینی و تێگەیشت کە هێرشی دەوڵەتی تورک تەنیا بۆسەر سەرێکانی نییە و هێرشێکە لەدژی هەموو کورد، لە بەرامبەریشدا خەڵکی باشوری کوردستان هەڵوێستێکی بەهێزیان نیشاندا، بەشداری بەرخۆدان بوون و بە ئەرکی خۆیان هەستان.


د. باهۆز ئەرداڵ، فەرماندە لە بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل-نەپەگە، لە دیمانەیەکی ستێرک تی ڤی-دا، لەسەر هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان، پێویستی ئامادەیی هەمووان بۆ شەڕ و هەروەها لەسەر باشوری کوردستانیش نرخاندنی کردووە.

"خەڵکی باشور هەڵوێستێکی بەهێزیان نیشاندا"

ئەرداڵ ئاماژەبەوە دەکات کە خەڵکی باشوری کوردستان لە ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی هێرشەکان بۆسەر ڕۆژئاوا، هەڵوێستێکی بەهێزیان نیشاندا و دەڵێت: گەنجانی باشوری کوردستان بەشداری بەرخۆدان بوون و هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا بە ئەرکی خۆیان هەستان، گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش خاوەندارییان لەو بەرخۆدانە کرد، باکوری کوردستانیش بە چالاکیی خاوەنداریی لەو بەرخۆدانە کرد.

"گیانی نەتەوەیی گەشەی کرد"

لە بەردەوامی قسەکانیدا، ئەرداڵ دەڵێت: هەموو کەس بینی و تێگەیشت کە ئەو هێرشانە تەنیا بۆسەر سەرێکانی نییە و هێرشێکە لەدژی هەموو کورد، ئەمجارە میدیای کوردیش یەک دەنگیان هەبوو، هەموو بەشەکانی کۆمەڵگای کورد خاوەن هەڵویستێکی بەهێز بوون، ئەمە نیشانیدا کە یەکێتی نەتەوەیی بۆ داهاتووی ئێمە پێویستییەکی هەرە گرنگە، ئێمەی لێک نزیک کردەوە، ئەمە پێشکەوتنێکی زۆر باشە، گەلەکەمان لە ئێشی سەرێکانی و کۆبانێ تێگەیشتن، بەم شێوەیە گیانی نەتەوەیی گەشەی کرد، گەلەکەمان داوا لە هەموو پارتەکان دەکەن، کە بۆ داهاتووی کورد و کوردستان لەسەر هەندێک پرەنسیب یەکبگرن، ئەمە داخوازیی گەلەکەمان و پەیمانیان بۆ ئێمەیە، هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە کەمی بەشداری قۆناغەکە بوون، هەندێکیان زۆر چالاک بوون، هەندێکیشیان دواتر بەشداربوون.

باهۆز ئەرداڵ لەسەر پەیمانی لۆزان و هەڵویستی کورد وتی: لە پەیمانی سیڤەر، هەرچەند کەمیشبێ، مافی سەربەخۆیی کورد ناسرا، ناوی کورد تێدا هاتبوو، بەڵام دوای سێ ساڵ لۆزان هاتە مەیدان، لۆزان بۆ نکۆڵیی لە کورد بوو، لەو سێ ساڵە چی ڕوویدا؟ ئەو کاتە جموجوڵی کوردەکان داخراو بوو، لەگەڵ یەکتر پەیوەندییان نەبوو، بەو بیرۆکەیە کە؛ "من بە ئاگری ئەوان ناسووتێم"، خۆیان بەدوور گرت، تەنیا بیریان لە خۆیان دەکردەوە، لەلایەکی دیکەوە شۆڤێنی تورک زۆر چالاک بوو، باجی بە هەموو کەسێک دەدا، بە ئەمریکا، بە ڕوسیا، بە سۆڤیەت و بە عەرەبەکان، تا پەیمانی لۆزانی بە ئەوان واژۆ کرد.

"بۆ کورد دەرفەتی زیاتر لە سیڤەر دروست بووە"

د.باهۆز ئەرداڵ باس لە بەرخۆدانی کورد دژی داعش دەکات و دەڵێت: ئەو قۆناغەی ئێستا تێیدایان، وەک جاران نییە، تەڤگەری کورد بەهێزە، لەم چەند ساڵەی دواییدا، کورد بە تێکۆشانی دژی داعش زۆرتر دەرکەوت، لە هێڵی سیاسی، سەربازی و دیپلۆماتی، زۆر دەرفەت و دەرەتان دروست بوو، بۆ کورد دەرفەتی زیاتر لە سیڤەر دروست بووە، بەڵام ئێستا شۆڤێنی تورک و هێزە مشەخورەکانی دیکە بۆ ئەوەی لە لۆزان خراپتر بکەن بەرتیلێکی زۆر دەدەن، ئێستا شەڕ و تێکۆشان لەسەر ئەمە بەڕێوە دەچێت.

"دەیانەوێت هەنگاو بە هەنگاو کورد پاکتاو بکەن"

ئەو فەرماندەیەی نەپەگە،  لەسەر ئەو پیلانە گشتگیرە لەسەر کورد بەڕێوەدەچێت، دەڵێت: دەیانەوێت کورد تەنگەتاو بکەن هەنگاو بە هەنگاو پاکتاوی بکەن، ئەمە پیلانی هێزە مشەخورەکانە و دەوڵەتی قڕکەری تورک پێشەنگایەتیی بۆ دەکات، شۆڤێنی تورک بەردەوامە، دەوڵەتی تورک پێش هەموویان هێرشی کردە سەر کورد، لە کەرکوک، دوای ئەوە لە شەنگال و دواتریش لە عەفرین و ئێستاش لە سەرێکانی، هێرش دەکاتەسەر گەلی کورد لە باکوری کوردستان، ئۆپەراسیۆنی قڕکردن بەڕێوە دەبات، هیچکام لەو هێرشانە لەیەک جیاواز نیین و هەموویان لەسەر یەک پیلانی گشتگیرن، چەند ساڵێک ماوە بۆ ئەوەی سەد ساڵ بەسەر لۆزان تێپەڕێت، دەوڵەتی تورک بۆیە دڕندانە هێرش دەکات تا هیچ شتێکی کورد نەمینێت.

ئەرداڵ ئاماژە بە قسەکانی ئەردۆغان لەسەرباشور دەکات و دەڵێت: ئەردۆغان وتی؛ "لە باکوری عێراق هەڵەمان کرد، ناتوانین لە باکوری سوریاش ئەو هەڵەیە دووبارە بکەینەوە"، لەم شەش ساڵەی دواییدا نەک جارێک، چەندین جار ئەمەی وتووە، باشە لە باکوری عێراق چی ڕوویدا؟ لەوێ فیدرالیزم قبوڵ کرا، ئەم قسەیەی ئەردۆغان پەیوەندیی بە پەکەکەوە هەیە؟ نا، چونکە بە ئاشکرا دەڵێت؛ "من پێگەی سیاسیی کورد قبوڵ ناکەم"، ئەمە ناوەڕۆکی سیاسەتی ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی ڕوون، ئاشکرا دەکات.

"با کەس خیانەت لە شۆڕش نەکات و سیخوڕیی قبوڵ نەکات"

لە بەردەوامی قسەکانیدا، ئەرداڵ دەڵێت: لەوانەیە، هەندێک سەرۆک عەشیرەت، هەندێک سەرچەتە و کەسانی دیکە، لە باکوری کوردستان، لەژێر زوڵم و فشار خۆیان بە ناچار بزانن لە ئاکەپە نزیک ببنەوە، بەڵام پێیان دەڵێین؛ خیانەت لە شۆڕش مەکەن، نەبنە سیخوڕ، سیخوڕیی بەسەر گەریلا و گەلەوە نەکەن، ئەم دەوڵەتە تیرۆریستە، ئەمە حکومەتی شەڕی تایبەتە، ئێوەی خۆشناوێت، تەنیا دەیەوێت بۆ سیخوڕیی بەکارتان بێنێت، سبەیش فڕێتان دەدات، قۆناغی ٣٦ ساڵەی شەڕ ئەمەی سەلماندووە.

"مەترسییەکی گەورە لەسەر گەلەکەمان هەیە لە باشوری کوردستان"

لە کۆتایی قسەکانیدا باهۆز ئەرداڵ دەڵێت: مەترسییەکی گەورە لەسەر گەلەکەمان لە باشوری کوردستان هەیە، هەواڵگریی تورک دەیەوێت خۆی لەناو گەلەکەمان جێگیر بکات، هێرش بۆسەر پەکەکە پەیامێکە بۆ هێزەکانی باشوری کوردستان، بۆیە پێویستە هیچ کەسێک لە گەلەکەمان لە باشوری کوردستان، نەبێتە ئامێری ئەو کارە سیخوڕییانە، چونکە دەوڵەتی تورک دووژمنی هەموو کوردە، لە کوێ کوردێک هەبێت، دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەری، بۆیە پێویستە گەلەکەمان لە هەموو کاتێک زیاتر هەستیار و هوشیار بێت و لە کاتی خۆیدا گەریلا لە کارە سیخوڕییەکانی دەوڵەتی تورک ئاگادار بکاتەوە و بەم شێوەیە هاوکاریی گەریلا بکات.

ش.ف