باوكێك لەلایەن دوو كوڕیەوە کوژرا

لە كەركوك باوكێك لەلایەن دوو كوڕیەوە کوژرا، پۆلیسیش دەڵێت لە كاتی هەوڵدان بۆ شاردنەوەی تەرمەكەی بكوژەكان دەستگیركراون.


دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر ڕێگەی گوندی چیمەن لە دەروازەی كەركوك، تیمەكانی پۆلیسی بنكەی ئازادی دوو گەنجیان دەستگیرکرد، کە سەرقاڵی ناشتنی تەرمێک بوون و دواتر دەرکەوتوە باوکی خۆیانە و کوشتویانە.

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی گەڕەکی ئازادی لە کەرکوک بۆ ڕۆژنیوز وتی: كوژراوەكە ناوی (ئ . ب . ر) و تەمەنی ٥١ ساڵە و لەلایەن كوڕەكانی بە ناوەكانی (م ئ ب و ع . ئ . ب) كوژراوە و براوەتە ڕێگەی چیمەن و لەوێ هەوڵدراوە بشاردرێتەوە، لەنێو ئوتۆمبێلەكەشیان كە لە جۆری ئۆپڵ بووە، دەمانچە و قەوانی فیشەک دۆزراوەتەوە.
 
 ئەو سەرچاوەیە وتیشی: كوڕەكان دانیان بە تاوانەكەدا ناوە، یەکێکیان کە برا گەورەیە تەقەی لێكردوە و هۆكارەكەشیان بۆ خراپی مامەڵەی باوكیان گەڕاندوەتەوە.

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢١٩ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

 

ک.ک/هـ