باوك و کوڕێك لە نێو ئۆتۆمبیلەکەیاندا کوژران و دوو ژنیش برینداربوون

لە کەرکوك تەقە لە ئۆتۆمبێلێك کرا کە چوار سەرنشینی تێدا بوون، دووکەسیان کوژران کە باوك و کوڕن دوو کەسەکەی دیکەش برینداربوون.


درەنگانی شەوی ڕابردوو تیمەکانی پۆلیسی کەرکوك لە گەڕەکی حوڕیە (رزگاری) شاری کەرکوك کە گەڕەکێکی کوردنیشنە تەرمی دوو هاوڵاتیان لە ئوتۆمبێلێکدا دەرهێنا کە باوک و کوڕن و دوو ژنیشیان بە برینداری گەیاندە نەخۆشخانەی ئازادی.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکوك بۆ ڕۆژنیوز، وتی: ئۆتۆمبیلێکی جۆری کرۆنا مۆدێل ٨١ لە گەڕەکی حوریە دراوەتە بەر دەسترێژی گوللـە کە چوار سەرنشینی تێدا بووە و تێیدا کوڕ و باوکێك دەستبەجێ کوژراون و دوو ژنیش برینداربوون.

هەر بەوتەی سەرچاوەکە لەزاری شایەتحاڵانی نزیك ڕووداوەکەوە ڕایگەیاند، تەقەکەرەکان لە نێو ئۆتۆمۆبیلێکی دیکەوە تەقەیان لەو خێزانە کردوە و بەهۆیەوە ئەو چوارکەسە بوونەتە قوربانی و تەقەکەران هەڵاتوون.

سەرچاوەکەی پۆلیس، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە هۆکاری ڕووداوەکە کێشەی کۆمەڵایەتی بووە.

ک.س