باوکێک کوڕێکی خۆی بریندار کرد و خۆیشی کوشت

لە شاری سلێمانی، باوکێک تەقەی لە کوڕێکی خۆی کرد و پاشان خۆیشی بە فیشەک کوشت.


شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی ئیبراهیم ئەحمەد لە شاری سلێمانی، باوکێک لە دوای ئەوەی کوڕەکەی ئامۆژگارییەکانی وەرناگرێت، بە دەمانچە تەقەی لێدەکات و پاشان خۆی دەکوژێت.

سەرکەوت ئەحمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، بە ڕۆژنیوزی وت: باوکەکە بەردەوام ئامۆژگاری کوڕەکەی کردووە و کوڕەكە هەر بە قسەی نەکردووە، ئیتر شەوی ڕابردوو کاتێک کوڕەکە لە دەرەوە چووەتەوە ماڵەوە، دیسان ئامۆژگاری کردووە، بەڵام کوڕەکە گوێی لێنەگرتووە، بۆیە باوکەکە بە دەمانچە تەقەی لە کوڕەکەی کردووە و فیشەک بەر سەری کەوتووە.

وتیشی: دواتر باوکەکە تەلەفۆنی بۆ هاوسەرەکەی کردووە و وتویەتی کوڕەکەمانم کوشت و ئێستاش خۆم دەکوژم.

باسی لەوەش کرد: دوای ئەوە ژنەکە بە پەلە تەلەفۆنی بۆ براکەی کردووە، کاتێک برای ژنەکە گەیشتوەتە ماڵەکە بینیویەتی کە باوک و کوڕەکە لەسەر زەوی کەوتوون، باوکەکە مردووە، بەڵام کوڕەکە نەمردووە و ئێستا لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە.

بە وتەی سەرکەوت ئەحمەد: کوڕەکە، ناوی بەڵێنە و تەمەنی ٢٣ ساڵە، باوکەکەش تەمەنی زیاتر لە ٥١ ساڵە و ناوی عەبدولحەمید-ە.

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٠١ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، کە زۆربەیان ژنن، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

س.ح