بریندارێکی شەڕە تەقەکەی نێوان براکان گیانی لەدەستدا 

بریندارێکی شەڕە تەقەکەی نێوان براکان گیانی لەدەستدا، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بووبوو بە شەڕیان. 


شەوی ڕابردوو لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی، هەڵمەت عەزیز نادر، لە دایکبووی ساڵی ۱۹٨٤، دوای چوار ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە بە برینداری، گیانی لەدەستدا.

عەلی قەدووری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە ڕۆژنیوزی وت: دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەنێوان چەند برایەک لە گەڕەکی گۆرانی شارۆچکەی کەلار شەڕە تەقە دروست بوو، یەکێکیان بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە، گیانی لەدەستدا و دوو برای دیکەش برینداربوون.

لە ڕووداوەکەدا، یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کرا، دوای چوار ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، شەوی ڕابردوو گیانی لەدەستدا، بەوەش لەو شەڕەدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا.

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، وتیشی: پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لە گەرمیان پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەکە کردۆتەوە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە لەسەر چۆنێتی و هۆکاری ڕوداوەکە.

 

ک.ک