به‌رپرسی ڕێكخراوێكی ئه‌نفال: گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زانستی هه‌ڵنادرێنه‌وه

به‌رپرسی ڕێكخراوێكی بواری ئه‌نفال، باس لە هه‌ڵنه‌دانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به ‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ی پارێزگای سه‌ماوه‌ دەکات و ئاشکرایدەکات کە ئه‌و گۆڕەی هه‌ڵدراوه‌ته‌وه‌‌ به‌شێوه‌یه‌كی زانستی نه‌بووه‌ و كه‌مته‌رخه‌می تێدا كراوه‌، ئاماژه‌ش به‌وه‌ ده‌كات، کە پێویسته‌ له‌ زووترین كاتدا نمونەی خوێنی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوه‌كان وه‌ربگرێت.


له‌ مانگی ته‌مووزی ئه‌مساڵ، له‌ پارێزگای سه‌ماوه‌، سێ گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ دۆزرانه‌وه‌ ودانه‌یه‌كیان هه‌ڵدرایه‌وه‌ و ١٧١ ڕووفاتی ژن و كچی  تاوانی ئه‌نفالی تێدابوو،  بریاریشدرا دوای هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕه‌، دوو گۆڕه‌كه‌ی تر هه‌ڵبدرێنه‌وه‌ و پشكنین بۆ ڕووفاته‌ ده‌رهێناراوه‌كانیش بكرێت، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌وه‌ی بڕیاری له‌سه‌ر دراوە نه‌چووه‌ته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

هاوڕێ پێشڕه‌و، به‌رپرسی كۆمه‌ڵه‌ی داكۆكیكار له‌ماف و قوربانیانی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوه‌كان، بۆ ڕۆژنیوز دوا و وتی: ته‌یموری تاقانه‌ی ئه‌نفال كه‌سێكی ناسیاوی خۆی له‌ ئاستی ده‌ره‌وه‌ هێناوه‌ شاره‌زایه‌ له هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كان، كه‌چووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و گۆڕه‌ی مانگی حه‌وت هه‌ڵدراوه‌ته‌وه‌ هه‌ندێك كه‌ره‌سه‌ته‌ی گۆڕه‌كه‌ ماوه‌ته‌وه‌ ده‌ستكاری نه‌كراوه‌ و ناڕه‌زایی بووه‌ له‌و هه‌ڵدانه‌وه‌یه ‌و پێی وابووە به‌شێوه‌یه‌كی زانستی گۆڕه‌كان هه‌ڵنادرێنه‌وه‌، بۆیه‌ ناوبراو، سكاڵای تۆماركردووه‌ له‌ سه‌ر پارێزگاری سه‌ماوه‌ و تیمی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان، ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كانی دواخستنی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌كان.

هاوڕێ پێشڕه‌و، دەشڵێت: له‌ سه‌ردانمان بۆ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ لای سه‌رۆك كۆماری عێراق و وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان، جه‌ختمان له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی هه‌ر گۆڕێكی تردا، پێویسته‌  دادگای لاهای، پسپۆری شاره‌زای تایبه‌ت به‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا، لەگەڵ نوێنه‌ری مافی مرۆڤی جیهانی ئاماده‌بن، چونكه‌ ته‌نها ئه‌م گۆڕانه‌ ماون وه‌ك به‌ڵگه‌ تاوانه‌كه‌ به‌ جینۆساید بناسرێت، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه‌ هۆكارێكی دیكه‌ بێت بۆ هه‌ڵنه‌دانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كانی دیكه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ناسینه‌وه‌ی ڕووفاته‌كانی نێو گۆڕه‌كه‌، به‌رپرسه‌كه‌ی كۆمه‌ڵه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، له‌ ئێستادا، ناسینه‌وه‌ی ڕووفاته‌كان ئه‌سته‌مه‌، ئێسكه‌كان كاریان له‌سه‌ر ئه‌كرێت، به‌ڵام  تا ئێستا هه‌ردوو حكومه‌ت نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ڕێككه‌وتن، بۆ ئەوەی سه‌رجه‌م و‌ارسی ئه‌نفالكراوه‌كان سامپڵی خوێنیان لێ وه‌ربگیریت، داوامانكردووه‌ له‌ وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، به‌ په‌له‌ ده‌ست به‌ وه‌رگرتنی سامپڵی خوێنی كه‌سوكار و وارسی ئه‌نفالكراوه‌كان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕوفاتانه‌ بناسرێنه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چه‌ند گۆڕ له‌ سه‌ماوه‌ ماوه‌ و هه‌ڵنه‌دراوه‌ته‌وه‌، ناوبراو، ڕوونیكرده‌وه‌، به‌پێی بریاری دادگای تاوانی عێراق سێ گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ له‌ سه‌ماوه‌ هه‌بووه‌، دوو دانه‌ی ماوه‌ هه‌ڵبدرێته‌وه‌، له‌كاتی سه‌ردانی ئێمه‌ی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوه‌كان بۆ قه‌ڵای نوگره‌ سه‌لمان، گۆڕێكی دیكه‌مان دۆزیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕووفاتی چه‌ندین كه‌س کە له‌ ده‌وروپشتی قه‌ڵاكه‌ نێژراون، واته‌ ئێستا سێ گۆڕ ماوه‌ هه‌ڵبدرێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ پارێزگای سه‌ماوه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ده‌یان گۆڕ له‌ سنوره‌كه‌ هه‌ن و نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌.

ک.س