بکوژی کارمەندی بەنزینخانەکەی شۆڕش دەستگیرکرا

تۆمەتباری کوشتنی (زانا کامیل) کارمەندی بەنزینخانەی شۆڕش دەستگیرکرا.


دوێنێ لە شارەدێی شۆڕشی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ گەنجێکی تەمەن ١٨ ساڵ، بەبیانووی بەنزینتێكردن لە بەنزینخانەی شۆڕش دەوەستێت و دواتر بە دەمانچە هێرشدەكاتە سەر گەنجێکی کارمەندی بەنزینخانەکە بەناوی (زانا عوسمان كامیل) و بە گوللـە دەیكوژێت و دوای بردنی پارەی کارمەندەکە هەڵدێت.

لەو بارەیەوە ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە کە توانیویانە بەیانی ئەمڕۆ تۆمەتباری کوشتنی (زانا) کارمەندی بەنزینخانەی شۆڕش لەگەڕەکی چەرمووسیتی لە شارەدێی شۆڕش دەستگیربکەن.

ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، ئاشکراشیکردووە کە تۆمتبارەکە ناوی (سامان مەحمود ئەمین) و تەمەنی هەژدە ساڵە و دانیشتوی شارەدێی سمودی سەر بە شارۆچکەی کەلارە و بەمیوانی سەردانی چەمچەماڵی کردوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشسکردووە تۆمەتبارەکە لە لێکۆڵینەوە سەرەتایەکاندا دانی بەتاوانەکەیدا ناوە کە بەمەبەستی دزینی پارەکەی دەستی کارمەندەکەی کوشتوە کە بڕی ۲٤۰هەزار دینار بووە وە لێکۆلینەوەی زیاتر لەدۆسیەکە بەردەوامە۰

ک.س