بیمەی کرێکاران لەنێوان ویژدانی خاوەن کار و یاسای دەستبەری کۆمەڵایەتییدا

بەهۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزیی بەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەرێمی کوردستان و تەواوی جیهان بە دۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕێت، بەشی زۆری کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو دۆخە لەسەر ژیانی کرێکارانی کەرتی تایبەت ڕەنگیداوەتەوە و بەوتەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش، لایەنە پەیوەندییدارەکان لەئاست بەرپرسیارێتی قۆناغەکەدا نین، زۆربەی کرێکارانیش ئاگاداری ئەو یاسایە نین، کە لە دۆخە نەخوازراوەکاندا مافەکانیان دەپارێزێت.


بەگوێرەی یاسای ژمارە ٧١ی ساڵی ١٩٨٧ عێراق، کە هەرێمی کوردستان بە هەمان یاسا مامەڵە دەکات، دەبێت خاوەنکارەکان لە دۆخی نائاساییدا و ئەگەر کرێکارەکان بەهۆی دۆخێکی سروشتییەوە نەیانتوانی کار بکەن، بە هەندێک مەرجەوە کە لە یاساکەدا باسکراوە دەبێت مووچە بە کارمەند و کرێکاران بدرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان زۆرێک لە خاوەن کارەکان ئەو یاسایەیان پێشێلکردووە و مووچەیان بە کارمەندان و کرێکاران نەداوە و حکومەتیش هیچ لێپێچینەوەیەکی تا ئێستا لەو بارەیەوە نەکردووە.

هەروەها بەپێی یاسای ژمارە ٣٩ی ساڵی ١٩٧١ی هەموارکراو لە پەرلەمانی هەرێم، دەبێت کرێکار و کارمەندانی کەرتی تایبەت دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ بکرێت و لەکاتی چوونە تەمەن یان مردن و یان هەر ڕووداوێکەوە کە توانای کارکردنیان نەمێنێت لەو پارەیەی کە لێیان وەرگیراوە قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام حکومەت ئەو بڕگەیەی یاساکەی جێبەجێ نەکردووە و تا ئیستا بەهۆی ئەم دۆخەی کە لەئارادایە قەرەبووی هیچ کرێکارێک نەکراوەتەوە.

کەمپەینی دەرفەت بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاریی لە هەرێمی کوردستان لەڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، ئەو دەستەبەرەی کە لە کرێکاران و کارمەندانی کەرتی تایبەت وەرگیراوە، تەنها بۆ ساڵی ٢٠١٩ زیاترە لە ٦٠ ملیارد دینار و لەو بڕەش تەنها ١٠ ملیارد دیناری دراوەتەوە بە کرێکاران و کارمەندانی خانەنشین یان ئەوانەی داوایانکردووەتەوە.

هەروەها دەڵێت، بە دانپێدانانی بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی بڕی ئەو پارەیەی لە سندوقی دەستەبەردا بووە و لە کرێکاران وەرگیراوە تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ زیاتر بووە لە ٤٠٠ ملیارد دینار، بەڵام پارەکە تێکەڵ بە خەرجیی و داهاتەکانی تری وەزارەت کراوە و ئەوەش ناڕوونی و ناشەفافی لێهاتووەتە ئاراوە و ئێستا نازانرێت ئەو بڕەی کە لە سندوقەکەدایە چەندە و چەندی هی کرێکارانە.

کەمپەینەکە داواش دەکات، لەو پارەیەی کە دەبێت لە سندوقەکەدا بێت و موڵکی کرێکار و کارمەندانی کەرتی تایبەتە، قەرەبووی زیانمەندانی ئەم دۆخە بکرێتەوە و باری نالەباری ژیانیان ڕاستبکرێتەوە و حکومەت و کەرتی تایبەت پابەند بن بە یاساکانەوە، ئەگەر وانەبێت کرێکار و کارمەندان ناچاردەبن ڕێگەی تری فشار بەکاربهێنن.

بیمەی کرێکاران و ویژدانی خاوەن کار

ئێستا کە زیاتر لە مانگێکە قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندراوە و کار و پیشەی خەڵکی ڕاگیراوە، کرێکاران لە ترسی دەرکردنیان لە کارەکانیان، ناتوانن داوای مووچە لە خاوەن کارەکانیان بکەن، ئەگەرچی یاسایەک هەیە مافەکانیان لەم دۆخە لەناکاوانەدا بۆ دەگێڕێتەوە.

شارا ناسر، کارمەندە لە ماجدی مۆڵی شاری سلێمانی، بەشێک لە مووچەکەی بڕاوە بەهۆی ئەوەی لەم دۆخەدا کاری نەکردووە، لە کاتێکدا وەک خۆی باسی دەکات لەم بارودۆخەدا زیاتر پێویستی بەو پارەیە هەبووە، بەڵام خاوەن کارەکەی بەشێکی مووچەکەی پێداوە ئەویش وەک "یارمەتییەک" نەک وەک ئەوەی بەپێی ئەو یاسایەی کە هەیە دیارییکراوە.

شارا ئاگاداری ئەو یاسایە نییە کەپاڵپشی دەکات لە وەرگرتنی تەواوی مووچەکەیدا و لەترسی لەدەستدانی کارەکەی، داوای ئەو مافەی لە خاوەن کارەکەی ناکات.

باساک سۆران، کارمەندە لە کافتریایەکی شەقامی سالمی شاری سلێمانی، لەو کاتەی قەدەغەی هاتووچۆ لە شارەکە ڕاگەیەندراوە، هیچ مووچەیەکی وەرنەگرتووە و ئەوەشی لەلایەن خاوەن کارەکەیەوە پێ وتراوە، کە بەتەمای هیچ پارە و پاداشتێک نەبێت لەم ماوەیەدا.

باسک سەرچاوەی داهاتی ماڵەوەیان تەنها ئەم کارەیەتی و دەڵێت: یاسایەک کە لە بەرژەوەندی ئەودایە، سوودی چییە ئەگەر نەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە؟.

بەپێی ئامارەکانی سەندیکای کرێکارانی هەرێمی کوردستان  نزیکەی ٢٥٠ هەزار کرێکار هەیە کە نزیکەی ٢٠٠ هەزاریان لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن.

هەموو لایەک بێدەنگن بەرامبەر مافی کرێکاران

ئەوانەی لەم ڕاپۆرتەدا قسەیان کردووە، سوربوون لەسەر جێبەجێکردنی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکارو خاوەن کارەکان، بەڵام لە زەمینەی واقیعدا هیچیان نەچوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بێدەنگییەکی بەکۆمەڵ بەرامبەر جێبەجێکردنی یاساکە هەیە.

چالاک ڕەئوف، لێپرسراوی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، زۆرینەی خاوەنکار و کەرتی تایبەت لەم کاتەدا مووچەیان نەداوە بە کرێکار و کارمەندەکانیان و زۆرینەی کرێکارکانیش گرێبەستیان نییە لەگەڵ خاوەن کارەکانیاندا.

چالاک باس لەوەش دەکات، سەندیکای کرێکاران یاداشتێکی ئاڕاستەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و لایەنی پەیوەندیدار کردووە تا سزای ئەو خاوەنکارانە بدەن کە یاساکە جێبەجێ ناکەن، پێشنیازیان کردووە حکومەت لە پارەی دوو مانگی دەستەبەری خاوەن کارەکان خۆشببێت تا ئەوانیش هاوکاریی کرێکارەکانیان بکەن.

هەروەها، زانا خالید، ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکی لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان  ڕایگەیاند، لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی داوای لە وەزارەتی کار کردووە کە پێویستە کەرتی تایبەت ئاگادار بکاتەوە بەپێی ئەو یاسا کاربکەن و لە هەمانکاتدا بارودۆخی ئێستای کرێکاران لەبەرچاو بگیرێت.

یاسای کاری ساڵی ١٩٨٧ بۆ ئەو کرێکارانە دەبێت کە گرێبەستیان هەیە لەگەڵ خاوەن کارە و دەستەبەری کۆمەڵایەتیان هەیە، باسی ئەو کرێکارانە نەکراوە کە دەستەبەری کۆمەڵایەتی و گرێبەستیان نییە، زانا خالید، دەڵێت: گرفتی یاسایی هەیە، چونکە لەو یاسایەدا دەستەبەری مافی کرێکار نەکراوە و مافی ئەوانەی لە کەرتی تایبەتدا کاردەکەن، نەپارێزراوە.

هەروەها پێیوایە ئەو کەسانەی گرێبەست و دەستەبەری کۆمەڵایەتیان نییە و لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن، مافیان پارێزراو نییە و ئەوەی لەو نێوەندەدا هەیە، تەنیا ویژدانی خاوەن کارەکانە، تەنانەت لە یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی ژمارە ٣٩ ساڵی ١٩٧١ش، دەستەبەری مافی تەواوی کرێکارەکان نەکراوە.

لە بەرامبەردا، ئاریان ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: حکومەت لە هەوڵدایە بۆ هاوکارییکردنی کەرتی تایبەت تا ئەوانیش مووچەی کرێکارەکانیان بدەن.

ئاریان ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی زەرەرمەندە تەنیا کرێکارەکان نین، بەڵکو خاوەن کارەکانیشن، چونکە سەرچاوەی داهاتیان وەستاوە، هەروەها تا ئێستا حکومەت هیچ میکانیزمێکی نەدۆزیووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی مووچەی کارمەندانی کەرتی تایبەت.

پێچەوانەی هەرێمی کوردستان، زۆرێک لە حکومەتی وڵاتان، بەشێک لەو بودجەیەی کە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەرخانیان کرد، بۆ پاڵپشتی کەرتی تایبەت و کۆمپانیاکان خەرجیان کرد، بۆئەوەی دووچاری زیانی قورس نەبن و بەهۆی ئەوەشەوە پشێوی کۆمەڵایەتی دروست ببێت.

 

ش.ف