بێکاریی و هەژاریی بە هۆکارێکی زیادبوونی کوشتن و خۆکوشتنەکان دادەنرێت

بە تەنیا لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ٥٠ حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستاندا تۆمار کراوە، پسپۆڕانی دەروونییش بێکاریی و هەژاریی بە هۆکارێکی زیادبوونی ئەو تاوانانە دەزانن و هۆشدارییش دەدەن، لە ئەگەری چارەسەرنەکردنی دۆخی ئابووریی، کێشەکان گەورەتر دەبن.


ئەگەرچی هێشتا ئامارێکی فەرمی لە لایەن پۆلیسەوە لەسەر ژمارەی تاوانەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام بە پشت بەستن بە ئاماری ڕۆژانەی ئاژانسی ڕۆژنیوز، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ١٥ی ئایار، ٥٠ حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن تۆمار کراوە، کە ٤١ کەسیان لە ڕەگەزی نێر بوون.

بەپێی ئامارەکە و بە پشت بەست بە وتەکانی پۆلیس لەوکاتەدا، لە کۆی ئەو ٥٠ حاڵەتە، ٣٦ حاڵەتیان کوشتنی بە ئەنقەست بووە، ١٤ حاڵەتی دیکەشیان خۆکوشتنی بە ئەنقەست بووە.

دوایین ڕووداوی خۆکوشتنیش دوێنێ لە سلێمانی تۆمار کرا، کە گەنجێکی تەمەن ٣٠ ساڵ بوو خۆی بە ستونێکی کارەباوە هەڵواسی و گیانی لەدەستدا، بە ئێستاشەوە هێشتا ناسنامەی گەنجەکە ئاشکرا نەکراوەو پۆلیس دەڵێت، کەس نەهاتووە بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی.

لەتیف حسێن، توێژەری کۆمەلایەتی سەبارەت بە هۆکارەکانی کوشتن و خۆکوشتن لە هەرێمی کوردستان پێیوایە، خراپی دۆخی ئابووریی خەڵک، چەندین کێشەی یەک لەدوای یەکی بۆ دروستکردوون.

ئەو توێژەرە بە ڕۆژنیوزی وت: بێکاریی و هەژاری باڵیان بەسەر هاوڵاتیانی هەرێمدا کێشاوە، ئەوەش گوشاریکی زۆر دەخاتە سەر ناخ و دەروونی مرۆڤەکان، بە تایبەت خەڵکی هەرێم ڕێژەیەکی زۆری مووچەخۆرە و بە نەدانی مووچەکانیان کاریگەریی لە سەر خۆیان و ئەوانەی دەروبەریشیان دروست دەبێت.

بە پاساوی دابەزینی نرخی نەوت، حکومەتی هەرێم ماوەی زیاتر لە ٦٠ ڕۆژە مووچەی زۆربەی وەزارەتەکانی دابەش نەکردووە، هەر ئەوەش دۆخێکی دارایی سەختی بۆ مووچەخۆران دروستکردووە و بەهۆی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە زۆربەی خەڵکیش ئیشەکانیان لەدەستداوە.

لەتیف حسێن، ئاماژە بە ژینگەی پەروەردەیی هەرێمی کوردستان دەکات کە پڕە لە توندوتیژیی و هەمیشە مەترسی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و دووبارەبوونەوەی کارەسات و قەیرانەکان لە ملی خەڵکی نابنەوە، پێیوایە، خەڵکی بە گشتی لە کەشێکی نائارام و نا سەقامگیری سیاسیی و کۆمەڵایەتییدا دەژین.

لەبارەی ڕۆڵی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیشەوە ئەو توێژەرە باس لەوە دەکات، میدیا بووەتە هۆکارێک بۆ دووبارەکردنەوەی تاوان و کاری نەکردووە بۆ چارەسەری دیاردەکە لە ڕێگەی هۆشیارکردنەوەی خەڵکەوە، تەنانەت دراما تورکیی و هەندێک درامای دیکە بەشێکی زۆریان نیشاندانی وردەکاری تاوانەکانە بێ ئەوەی بە فیلتەرێکدا تێپەڕێت..

پێیشیوایە گرنگییدان بە لایەنی پەروەردەیی، ڕۆڵی بەرچاوی دەبێت لە کەمکردنەوەی تاوانەکان و چاندنی تۆوی خۆشەویستیی و نەهێشتنی توندوتیژیی.

جەختیش دەکاتەوە، دەبێت حکومەت دۆخی ئابووریی خەڵک لەبەرچاو بگرێت و هەرچی زووە چارەسەری دۆخەکە بکات، چونکە بە دواکەوتن و بێ باک بوون ، کێشەکان گەروەتر دەبن.

ململانێ سیاسیەکان لە باشوور حکومەتیان ئیفلیج کردووە، ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر ڕۆڵی دەزگا و دامەزراوەکانی دادگا و پۆلیس، بەوتەی پسپۆڕانی یاسا و ڕامیاریی، هاوڵاتیان ئێستا کەمتر پەنا دەبەنە بەر دادگا و پۆلیس و متمانەیان بە دامەزراوەکان کەم بووەتەوە، چونکە لەئاست بەدەمەوەچوونی کەیسەکان لاوازە و ئەو دامەزراوانە زیاتر لەژێر کۆنترۆڵی دوو هێزە دەسەڵاتدارەکەی باشورن.

 

ش.ف