بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە شەنگال نەخۆشیی زیادکردووە

هاتنی وەزری هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمیی خزمەتگوزارییەکانی ژیان، نەخۆشیی لە شەنگال زیادکردووە، کارمەندانی نەخۆشخانەی شەهیدانی خانەسۆر ڕایدەگەیەنن، کە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا، ڕۆژانە زیاتر لە ١٠٠ کەس بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی، سەردانی نەخۆشخانەکەیان دەکەن.


هاتنی وەرزی هاوین، گەرمایەکی تاقەت پروکێنی لەگەڵ خۆی هێناوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماش لە شەنگال، ڕێژەی نەخۆشییەکان زیادبووە.

دکتۆر حەنان حاجی، پزیشک لە نەخۆشخانەی شەهیدانی خانەسۆر لە شەنگال، بۆ ڕۆژنیوز ئەوەی خستەڕوو، کە لەم ماویەدا ڕۆژانە لانیکەم ١٠٠ نەخۆش سەردانی نەخۆشخانە دەکەن و ڕێژەی تووشبووانی نەخۆشییەکانی گێژبوون و سەرئێشە و تیفۆ زیادیکردووە.

نەخۆشخانەی شەهیدانی خانەسۆر ساڵێکە کراوەتەوە و  بەڕێوبەری نەخۆشخانەکەش دەڵێت، کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پەلەکانی گەرما، ڕێژەی سەردانیکردنی نەخۆش زیاددەکات.

لەگەڵ کەمیی پێداویستییە تەندروستییەکان لە نەخۆشخانەی شەهیدانی خانەسۆر، بەڵام ڕۆژانە کارمەندانی نەخۆشخانەکە هەموو هەوڵێکیان بۆ بەخشینی چارەسەری پزیشکیی بە نەخۆشەکان دەخەنەگەڕ.

ب.ل