بەرپرسانی سوپای عێراق لەگەڵ شەڕڤانانی شەنگال کۆبوونەوە

شاندێکی عێراق کە پێکهاتبوون لە بەرپرسانی باڵای سەربازیی سوپای عێراق، لەگەڵ فەرماندەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال-یەبەشە کۆبوونەوە، بەرپرسانی سوپای عێراق وتیان، کە ئەوان یەبەشە وەکو بەشێک لە هێزە عێراقییەکان دەبینن بۆ پاراستنی ئێزدییەکان.


ئەمڕۆ شاندێکی باڵای سەربازیی سوپای عیراق سەردانی شەنگالیان کرد و لەگەڵ فەرماندەکانی یەبەشە کۆبوونەوە.

ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە ئۆتۆمبێلێکی شەڕڤانانی یەبەشە بە نوقەیەکی سوپای عێراقدا تێپەڕی و لەلایەن سەربازانی عێراقەوە تەقەیان لێکرا و بەو هۆیەوە دوو شەڕڤان شەهید بوون و سێ شەڕڤانی دیکەش بریندار بوون، دوای هێرشەکەش لەنێوان بەڕێوەبەرانی شەنگال و بەرپرسانی بەغدا چاوپێکەوتن ئەنجامدرا.

شاندەکەی ئەمڕۆی سوپای عێراق لەگەڵ فەرماندەکانی یەبەشە و نوێنەری دەزگاکان و سەرۆک عەشیرەتەکانی شەنگال کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەدا ئاماژە بەوە کرا، بەهۆی کەمیی کۆبوونەوە لەنێوان شەڕڤانانی یەبەشە و سوپای عێراق، ئەو ڕووداوە ڕوویداوە، باس لەوەش کرا، کە ئەوان وەکو سوپای عێراق یەبەشە وەکو هێزێکی پاراستنی ئێزدییەکان دەبینن.

لەسەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە، عوسمان غانمی، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق بۆ میدیاکان قسەی کرد و وتی: هۆکاری هاتنی ئێمە بۆ شەنگال ئەوەیە کە باسی بارودۆخی ئەمنیی بکەین، بە تایبەتیش بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی دوایی هاتووین، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بارودۆخەکە ببینین، هەروەها ئێمە بۆچوونی هەموو لایەکمان وەرگرت، ڕاگەیاندن بابەتەکایان زۆر گەورە کردووە، ئێمە لە کۆبوونەوەکاندا ڕاستی ڕووداوەکەمان زانی، ئێمەش ئەو زانیاریانە بە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیران دەگەیەنین.

ئەوەشی وت: هۆکاری ڕووداوەکەش ئەنجامی کەمیی دانوستاندنی نێوان ئێمە و یەبەشە بوو، ئێمە کۆمسیۆنێکمان بۆ دەرخستنی ڕاستی ڕووداوەکە دروستکرد.

دواتر سەعید حەسەن، فەرمانداری یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال-یەبەشە بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد و وتی: ئەو ڕووداوەی سێ ڕۆژ لەمەوبەر ڕوویدا پیلانگێڕییەک بوو، هەندێک ویستیان شەڕ لەنێوان سوپای عێراق و یەبەشە دروست ببێت، لە ڕاگەیاندنەکانیشەوە بەردەوام زانیاری ناڕاستیان بڵاودەکردەوە بۆ ئەوەی ئیرادەی ئەم گەلە بشکێنن.

وتیشی: ئێمە وەکو یەبەشە ئامانجمان ئەوە نییە لە دژی سوپای عێراق شەڕ بکەین، ئێمە خۆمان بە بەشێک لە عێراق دەبینین، ئێمە دەمانەوێت بارودۆخ ئارام بێت و خەڵک بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

باسی لەوەش کرد: لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی سوپای عێراق ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئەوان قوربانییەکانی یەبەشە بەرز دەنرخێنن و دەیانەوێت پەیوەندیان لەگەڵ یەبەشە پێشبخەن.


ک.ک