بەرپرسیاری یەکەمی هێرشەکانی سەر کۆبانێ دەستگیر کرا

بەهاوکاریی قەسەدە سەرکردەیەکی مەترسیداری داعش لە عێراق دەستگیر کرا، کە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی هێرشەکانی سەر باغۆز و کۆبانێی کردووە و یەکێک بووە لە کاندیدانی جێگرەوەی بەغدادی.


هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە هاوکاریی قەسەدە چەتەیەکی داعشیان دەستگیر کرد، کە چەندین بەرپرسیارێتیی هەبووە لە ڕیزەکانی داعش و یەکێک بووە لە داواکراوانی ئەمریکا و عێراق.

بەپێی بەیاننامەیەکی شانەی هەواڵگریی عێراق، دەستگیرکردنی سەرچەتە تەها عەبدولڕەحیم عەبدوڵا بەکر غەسانی ناسراو بە 'حاجی عەبدولناسر قەرداش' و 'ئەبو محەمەد'ی تەمەن ٥٣ ساڵ-ی ڕاگەیاند، کە لەدایکبووی تەلەعفەرە و لە گەڕەکی مەشیرفەی موسڵ ژیاوە.

بەپێی بەیاننامەکە ئەو چەتەیە لەلایەن دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی عێراقەوە دەستگیر کراوە و پاش وەرگرتن و کۆکردنەوەی ناونیشان و زانیاریی لەسەری، دڵنیابوونەتەوە کە ئەو چەتەیە قەرداشە و بە هاوکاریی هێزەکانی سوریای دیموکرات "قەسەدە" دەستگیر کراوە.

هەروەها دەڵێت، ساڵی ٢٠٠٧ پەیوەندی بە ڕێکخراوی قاعیدەوە کردووە لە نەینەوا و بەرپرسی ویلایەتی جزیرە بووە تا کۆتایی ئەو ساڵە، لەو ماوەیەشدا چەند کردەیەکی تیرۆریستیی ئەنجامداوە دژ بە هێزە ئەمنییەکان و هاوڵاتیان.

بەپێی دانپێدانانەکانی خۆی، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٠ قەرداش دەبێتە جێگری والی شام و پیاوی یەکەمی ئەبو عومەر بەغدادی و دواتر دەکرێتە والی ویلایەتی باکور "باشوری موسڵ و جزیرە و کەرکوک".

کۆتایی ساڵی ٢٠١١ قەرداش چاوی بە گەورە چەتە ئەبوبەکر بەغدادی کەتووە لە دەوروبەری بەغدا و کراوەتە جێگری بەغدادی بۆ پەرەپێدان و بەرهەمهێنان، دواتر چووەتە سوریا و دەستی بە دروستکردنی کارگەی چەک و تەقەمەنی و چەکی بێدەنگ کردووە و لەو ماوەیەدا ١٠٠ جار چاوی بە بەغدادی کەوتووە.

دوای پەرتەوازەبوونی داعش و جیابوونەوەی باڵێکی ئەو ڕێکخراوە بەناوی جەبهەی نوسرە، بووەتە والی ڕۆژهەڵاتی حەسەکە و دێرزۆر و ڕەقە.

بەپێی بەیاننامەکە، قەرداش سەرپەرشتیاری یەکەم و ڕاستەوخۆی شەڕی کۆبانێ و تەدمور حەلەب و دیمەشق و باب بووە، هەروەها ڕۆڵێکی گەورەی بینیوە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی باغۆز.

قەرداش لەگەڵ ئەوەی زۆربەی چالاکییەکانی لە سوریا بووە، لە هەمان کاتدا بەرهەمهێنەری غازی خەردەل بوو، کە دژ بە هێزە عێراقییەکان بەکارهێنرا، هەروەها ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە لە دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ چەتەکان و سەرپەرشتیاری ئیداریی و بەرهەمهێنان چاککردنەوە بووە.

ش.ف