بەرپرسێکی کەناڵی bmc هۆکاری پەخشنەکردنی دراما تورکییەکان ئاشکرا دەکات

کەناڵی بی ئێم سی، ماوەی سێ ڕۆژە پەخشکردنی دراما تورکییەکانی بە یەکجاری ڕاگرتووە بەرپرسێکی کەناڵەکەش هۆکاری پەخشنەکردنی دراما تورکییەکان ئاشکرا دەکات.


ماوەی سێ ڕۆژە کەناڵی تەلەفزیۆنی ناوخۆیی 'بی ئێم سی bmc'، کە ماوەی چوار ساڵە دەستی بەکار کردووە و بەرنامەی هەمەرەنگ پەخش دەکات، بڕیاری ڕاگرتنی پەخشکردنی دراما تورکییەکانی داوە.

ئەم کەناڵە ناوەندەکەی لە شاری سلێمانی-یە، تا ئێستا نزیکەی ١٠ زنجیرە درامای تورکی پەخش کردووە و ماوەی سێ رۆژ دەبێت بە یەکجاری پەخشی دراما تورکییەکانی ڕاگرتووە و وەک بەرپرسی بەشی هەواڵ و سیاسەت-ی ئەوکەناڵە باسی لێوە دەکات لەمەودوا زیاتر دراما کوردیی و دراما فارسیەکان و ئەوانەی لە بەرژەوەندی کۆمەڵگان پەخش دەکەن.

هەر بەپێی وتەی ئاریا ڕەشاد، بەرپرسی بەشی هەواڵ و سیاسەت-ی کەناڵی 'بی ئێم سی bmc'، ئامانجیان لە ڕاگرتنی دراما تورکییەکان، وەک هەستکردنە بە بەرپرسیارییەتی بەرامبەر بە کۆمەڵگا و وتی: دوای ئەوەی کە لە دادگاکانەوە چەندین ئامار بڵاوکرایەوە و بە پێی زۆرێک لە لێکۆڵینەوەکان هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان بەشێکی زۆری بەهۆی دراما تورکییەکانەوە بووە، بۆیە ئێمەش ئەو بڕیارەمان دا، چونکە ئەو دراما تورکییانە، هیچ لە کۆمەڵگای ئێمە ناوەشێتەوە و لەگەڵ دابونەریت و کلتورمان یەک ناگرێتەوە.

بڕیاریی ڕاگرتنی دراما تورکییەکان لەو کەناڵە لە کاتێکدایە کە کەناڵی ئاسمانی کوردسات لە ئازاری ٢٠١٨ەوە پەخشکردنی دراما تورکییەکانی ڕاگرتووە.

ک.س