بەرگریی شارستانی سۆران ئاماری ڕووداوەكانی بڵاوكردەوە

لە ئەمساڵدا لە سنووری بەڕێوبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران، ٢٩٦ حاڵەتی جۆراوجۆر ڕوویداوە، کە بەهۆیانەوە حەوت هاوڵاتیی بەهۆی خنکان و هەڵدێران گیانیان لەدەستداوە و زیەنە مادییەکانیش زیاتر لە چوار هەزار ٤٦٧ ملیۆن دینار بووە.


ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، بەیار محێدین، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی  شارۆچكەی سۆران-ی سەر بە پارێزگای هەولێر ئاماری ڕووداواو و كاروچالاكیەكانی ساڵی ٢٠١٨ی بەڕێوبەرایەتییەکەیانی بڵاوكردەوە.

بەگوێرەی ئامارەکە، لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردوودا لە سنوری هەر چوار شارۆچكەی دەڤەری سۆران (چۆمان، سۆران، ڕواندز و مێرگەسور)    ٤٩٦ ڕووداوی جۆراوجۆر هەبووە، زیەنە مادییەکانی ڕووداوەکانیش زیاتر بووە لە چوار هەزار ٤٦٧ ملیۆن دینار.

بەپێی ئامارەکە، لەکۆی ئەو ٤٩٦ ڕووداوە، ٤٤٨ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە بووە، کە بریتیبووە لە ٥٢ ئاگرکەوتنەوەی ماڵان، لە ئەنجامی شۆڕتی كارەبا و گڕگرتنی بوتڵی غاز، هەروەها سوتانی ١٤ئۆتۆمبێل بەهۆی شۆرتی كارەبایی بزوێنەری ئۆتۆمبێل و فیول پەم بووە، ١٨ حاڵەتی سوتانی دووکان، هەروەها ٢٤٦ ڕووداوی ئاگركەوتنەوەی پوش و پاوان بووە و دوو هەزار و ٩١ دۆنم پوش و پاوان سوتاون، ١١ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ڕەز و باخ تۆمارکراوە و ٨٨ ڕووداوی جۆراوجۆری وەک گڕگرتنی محاویلی کارەبای کۆگا و پاشماوەی زبڵ و یەک حاڵەتی سوتانی بەنزینخانەش تۆمارکراوە.

هەر بەپێی ئەو ئامارە، ٣٣ حاڵەتی لافاو دروستبووە و حەوت هاووڵاتی لە ئەنجامی ناشارەزایی لە مەلەوانی و هەڵدێران گیانیان لە دەستداوە و هەشت حاڵەتی ڕزگارکردن-یش هەبووە.

ئاماژە بەوەش کرابوو، زیانی ڕووداوەكانی ئەم ساڵ بە زیاتر لە ٤٤٧ ملیۆن دینار خەملێندراوە، هەروەها بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١٧ ڕووداوەكان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران زیادیكردووە.

ش.ف