بەسەرهاتە مێژووییەکان لە سەر خاکی کوردستان

مێزۆپۆتامیا دایکێتیی ژماەیەکی زۆر لە گەل و نەتەوەکانی کردووە، لە گۆشە گۆشەی مێزۆپتامیا چیرۆک و بەسەرهاتی کاریگەر دەبیستین، گەلی کورد کۆنترین دانیشتووی ئەو خاکە پیرۆزەن و لەسەر ئەو خاکە ڕاپەڕین و بەرخۆدانیان کردووە، بست بە بستی ئەو خاکە شتێکی لێیە بۆ فێربوون، هەموو منداڵێک هیوایەکە و هەموو دایکێک بەسەرهاتێکە دار و بەردی ئەو خاکەش مێژوون و دەخوێندرێنەوە.


لە گەشتێکمان بۆ قەندیل سەردانی گوندەکانی مەرەدۆ، کۆزینۆ و عەلی ڕەشکەمان کرد، بۆ یەکەم جار بوو دەچووینە ئەو گوندانە، بۆیە نەماندەزانی دەبینە میوانی کامە ماڵ، کاتێک لە گوندی کۆزینۆ تێدەپەڕین چاومان بە دایکێکی بەسەڵداچوو کەوت، لە حەوشەی ماڵەکەی لە ژێر سێبەری کەپرێک دانیشتبوو، سڵاومان لێکرد و چووینە ماڵەکەیەوە، پێوەی دیاربوو نەخۆشە، بەڵام بەو حاڵەشەوە بە دڵ گەرمییەوە پێشوازیی لێکردین، پاش ئەوەی بەخێرهاتنی کردین پرسیاری کرد، کە چۆن دەتوانێت هاوکاریمان بکات؟، ئێمەش وتمان هاتووین تەنیا گوێ بگرین و چیرۆکەکانت بۆ هەموان بگوازینەوە.

ئەو دایکەش بەم شێوەیە دەستیکرد بە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکەی: من تۆزێک نەخۆشم ئێستا کچی خۆم، ناوم عایشە حەسەنە، لەم گوندانەدا دەژیم، دوو منداڵم هەیە و کوڕێکیشم لە سەردەمی سەدامدا لەدەستداوە، ئەو دوو منداڵەی دیکەشم کەمئەندامن.

دایکە عایشە بەم شێوەیە بەردەوامی بە گێڕانەوەکەی دا: ساڵانی ڕابردوو ژیان زۆر خۆشتر بوو، قەدر و قیمەتی یەکترمان دەزانی، مرۆڤی جاران زۆر بەغیرەت تر بوون، لە سەرلەبەیانییەوە تا درەنگانی شەو کاریان دەکرد، ژیان زۆر واتادارتر بوو بۆمان، بەبێ ئەوەی پێویستمان بە کەس هەبووایە، هەموو پێداویستییەکانی خۆمان دابین دەکرد.

باسی ئەو کارانەشی کرد، کە جاران دەیانکردن و وتی: مەڕ و مانگامان هەبوو و سوودی زۆرمان لێوەردەگرتن، شیر و ماست و  پەنیر و دۆ ... مان دروستدەکرد، هەروەها ئامادەکاریمان بۆ زستان دەکرد و گۆشت و خۆراکمان تا بەهاری داهاتوو ئامادەدەکرد، جگە لەگەڵ ئاژەڵداریی کاری کشتوکاڵیشمان دەکرد، گەنم و جۆ و نۆک و برنج و ...مان دەچاند، هەموو کارەکانیشمان بە دوو کەس یان ئەگەر زۆر بووینایە بە چوار کەس دەکرد، ئەو کارانەمان بە دەم گۆرانی وتن و پێکەنینەوە دەکرد.

لەبارەی جیاوازییەکانی ساڵانی ڕابردوو و ئێستاشەوە وتی: ساڵان لەگەڵ ئەوەی زۆر کارمان دەکرد، بەڵام زۆر بەخۆوەتر و بەهێزتر و بەورەتر بووین، ساڵی ساڵان منداڵە ساواکانمان لە کۆڵ دەکرد و بۆ کارکردن دەچووینە چیاکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ژیان زۆر ئاسان بووە، بەڵام مرۆڤەکان هەمیشە نەخۆشن، چونکە زۆربەی مرۆڤەکان بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانیان دەجووڵێنەوە، لە ژیانێکی وەهاشدا ناکرێت چاوەڕێی ژیانێکی تەندروستمان هەبێت.

بەردەوامی بە قسەانی دا و وتی: کچی خۆم، من مێژووم باش لەبیرنایەت، بەڵام ئەو کاتانەی گەنج بووم فڕۆکە جەنگییەکانی ئێڕان لە ماڵەکەمانیان دا و وێرانیان کرد، ژنێکی گەنج بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە سەری پەڕی، منداڵێکیش هەر بەو شێوەیە سەری پەڕی، کەسێکی دی دیکەش قاچی پەڕی، بۆ ئەوەی دۆخەکەی ناجێگیرتر نەبێت قاچیان بە مشار بڕییەوە، وەک وێنە لەبەرچاومە چۆنیان بڕییەوە، منیش دۆخم باش نەبوو، نەمدەتوانی لە شوێنی خۆم بجوڵێم، کوڕەکەشم لەلایەن جاشەکانەوە شەهیدکرا، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو ئازارانەشدا دیسان بەهێزبووین، بەرگریمان لەخۆمان دەکرد و پێکەوە بریندارەکانمان دەرمان دەکرد، ئێستاش تەمەنم چووەتە سەرەوە، ئێستاش شەڕ هەیە، بەڵام لە گوندەکەمان ماوینەتەوە لێرە دەژین.

ش.ف