بەشێک لە ئاژەڵداران ئاژەڵەکانیان نابەنە خانەکان و لەکۆڵانەکاندا بەخێوی دەکەن

سەرەڕای ئەوەی جێگای تایبەت بۆ ئەو کەسانە دابینکراوە کە کاری ئاژەڵداری دەکەن، بەڵام لەلایەن بەشێک لە دانیشتوانی شاره‌دێی ڕزگاری هێشتا مه‌ڕوماڵات له‌ نێو گه‌ڕه‌ك و كۆڵانه‌كاندا بەخێودەکرێن، ئەوەش هاوڵاتیانی سنورەکەی نیگەران کردووە، سه‌رۆكی شارەوانی شارەدێکەش ده‌ڵێت: ١٥ ڕۆژیان دیاریکردووە بۆ ئەوکەسانە بۆ ئەوەی ئاژەڵەکانیان ببەنە شوێنی دیاریکراو.


لەگەڵ ئەوەی بەخێوکردنی ئاژەڵ کارێکی گرنگە، بەڵام به‌شێك له‌هاوڵاتیانی شاره‌دێی ڕزگاری سه‌ر به‌شارۆچكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵ و مه‌ڕوماڵات له‌نێو كوچه‌ و كوڵان و گه‌ڕه‌كه‌كان و بۆن و بەرامی ناخۆشیان هەراسانی کردوون و داوا له‌به‌رپرسانی ئیداره‌ی شاره‌دێیه‌كه‌ دەکەن ئاژەڵ بەخێوکردن لە ناو شارەدێیەکەدا قه‌ده‌غە بكه‌ن.

عه‌تا ڕه‌فعه‌ت، هاوڵاتیه‌كی دانیشتووی شاره‌دێی ڕزگاری-یه‌، بۆ ڕۆژیوز وتی: سه‌رەڕای ئه‌وه‌ی شاره‌وانی جێگای بۆدیاریكردوون، بەڵام ژماره‌یه‌ك لە خاوەن ئاژەڵەکان بێ گوێدانه‌ هیچ مه‌ترسیه‌ك بۆ سه‌ر تەندروستی هاوڵاتیان، مه‌ڕ وماڵاته‌كانیان لەگه‌ڕه‌كه‌كانی شاره‌دێیه‌كه‌ به‌خێوده‌كه‌ن، بۆن ونه‌خۆشی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ ده‌چێته‌ هه‌موو ماڵێكه‌وه‌ وچه‌ندین نه‌خۆشی جۆراوجۆری لێده‌كه‌وێته‌وه‌، وه‌ك پێست وگرانه‌تا، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێستا وه‌رزی هاوینه‌، بۆنی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ بێزاری كردووین.

وتیشی: له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌گه‌ڕه‌كه‌كه‌ی ئێمه‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌‌ بوونی هه‌یه‌، چه‌ند جارێك سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێ و سه‌رۆكی شاره‌وانیمان كردووه‌، به‌ڵێنی ئه‌وه‌یانداوه‌ كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا مه‌ڕو ماڵات و ئاژه‌ڵه‌كان وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه‌.

سه‌یوان ئه‌حمه‌د، یەکێک لە خاوه‌ن ئاژه‌ڵەکانی سنورەکەیە و ئاژه‌ڵه‌كانی له‌ خانه‌كانی تایبه‌ت به‌به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵاندایه‌، سەبارەت بەو پرسە بە ڕۆژنیوزی وت: ئه‌وانه‌ی له‌نێو ماڵان مه‌ڕو و ماڵات وئاژه‌ڵ به‌خێوده‌كه‌ن، ئه‌و كه‌سانه‌ن، به‌بڕوای خۆیان ئاژه‌ڵه‌كانیان كه‌مه‌، یان كه‌سیان نیه‌ وه‌ك پێویست هه‌موو ڕۆژ بڕواته‌ ئه‌و جێگایه‌ی بۆ به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵه‌كان دانراوه‌ له‌ لایه‌ن شاره‌وانیه‌وه، ئه‌و بیر له‌وه‌ ناكاته‌وه‌ به‌مانه‌وه‌ی زیان به‌هاوڵاتیان ده‌گه‌یه‌نێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، خانی ئاژه‌ڵه‌كان هه‌یه‌ و شوێنێكه‌ تایبه‌ت به‌ ئاژه‌ڵداری و له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی ڕزگاری، نزیكه‌ی پێنج ساڵ پێش ئێستا، دروستكراوه‌ و هه‌ر كه‌س ئاژه‌ڵداری بكات ده‌توانێت بیبات بۆ ئه‌و شوێنه.

ئه‌رسه‌لان ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی شاره‌وانی شاره‌دێی ڕزگاری، ڕونکردنەوەی لەسەر بابەتەکەدا و بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: پێشووتر به‌پلانێك شاره‌وانی ڕزگاری، ئه‌و ماڵانه‌ی سەرقاڵی ئاژه‌ڵداریی بوون‌، بردیاننه‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌دێیه‌كه‌‌ و له‌نزیك مه‌یدانی ئاژه‌ڵه‌كان خانی پێداون، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵ، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و به‌شێكی زۆری ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی ئاژه‌ڵدارییان كردووه‌ به‌ریان كه‌وتووه‌، ماوه‌یه‌كه‌ هاوڵاتیانی ڕزگاری گله‌یی ده‌كه‌ن له‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك کەس سه‌رقاڵی به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵن له‌ناو شاره‌دێیه‌كه، ئێمه‌ دڵنیاین له‌وه‌ی ئه‌و ئاژه‌ڵدارییه‌ هاوڵاتیانی بێزاركردوه‌، بۆیه‌ قبوڵی ناكه‌ین.

سه‌رۆكی شاره‌وانی ڕزگاری، وتیشی: دوو لیژنه‌مان پێكهێناوه‌، به‌ناوی لیژنه‌ی ئه‌منی و مه‌ده‌نی، سه‌رقاڵی كۆكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌و ماڵانه‌ین، كه‌ خه‌ریكی ئاژه‌ڵدارین، دوای كۆكردنه‌وه‌ی ناوه‌كان، ١٥ ڕۆژ موڵه‌تیان پێده‌ده‌ین و ده‌بێت به‌زووترین كات ناو شاره‌دێیه‌كه‌ جێبهێڵن، ئه‌گه‌ر سه‌رپێچیش بكه‌ن ڕووبه‌ڕووی لێپرسینەوە ده‌بنه‌وه‌ به‌ توندترین شێوه‌.

ک.س