"بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاوە مرۆڤ بووەتە ئامێر"

لە شارۆچكەی شارەزووری سەربە پارێزگای سلێمانی، لە كۆڕێكی كراوەدا باس لە بە ئامێربوونی مرۆڤ لە سەردەمی مۆدێرنەدا كرا و ئەوە خرایەڕوو، كە بەهۆی تەكنەلۆژیاوە مرۆڤ بوونەتە ئامێر.


ئێوارەی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە گەنجان و چالاكانی مەدەنی، لە هۆڵی بینای بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری شارەزوور، گروپی كچانی گەوهەر بە ناونیشانی "بە ئامێربوونی مرۆڤ لە سەردەمی مۆدێرنەدا، ئیمكانەكانی ڕزگاریی" كۆڕێكیان بۆ نوسەر و لێكۆڵەر ئەبوبەكر حەسەن، ڕێكخست.

لە سەرەتای كۆڕەكەیدا ئەبوبەكر حەسەن، باسی لە سەرەتای ژیانی مرۆڤایەتی كرد بە بەراورد بە ئێستا و وتی: لە ڕابردوودا ژیان زۆر سادە بووە و مرۆڤەكان بۆ بەدەستهێنانی پێداویستییەكانیان تەنها پشتیان بە توانا و بیركردنەوەی خۆیان بەستووە و لە هەندێك حاڵەتیشدا كاری بە كۆمەڵ ئەنجامداراوە، بەڵام لەم ڕۆژگارەدا بارەكە پێچەوانە بووەتەوە و مرۆڤ زیاتر پشتی بە تەكنەلۆژیا بەستووە.

 وتیشی: مرۆڤ هەمیشە هەوڵیداوە بۆ ئەوەی لە هەموو ڕووەكانەوە گۆڕانكاریی لە ژیانی خۆیدا بهێنێتە كایەوە، هەر ئەمەش وایكردووە كە كۆمەڵگا بە جۆرێكی تر بیر بكاتەوە كە هەمیشە چاوی لەوە بووە چۆن بگاتە خۆشگوزەرانی، بەڵام دواجار خۆشگوزەرانییەك هاتوەتە ئاراوە كە مرۆڤەكان تیایدا بوونەتە ئامێر بەهۆی زۆریی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیاوە.

 لە كۆتایی كۆڕەكەشدا ئەو نوسەر و لێكۆڵەرە ئەوەی باسكرد: دەكرێت مرۆڤ جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ سروشتە ڕاستەقینەكەی خۆی، ئەوەش بە ڕەچاوكردنی چەند بنەمایەك كە گرنگترینیان پشت بەستنە بە توای خودی كەسەكان لە جیاتی بەكارهێنانی ئامێر.


ك.ك/هـ