بەڕێوبەری شەنگال دژی پیلانەکانی پارتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

دەستەی خۆبەڕێوبەری شەنگال، دژی هەوڵدانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، بۆ گەڕاندنەوەی ئیدارەی پێشووی شەنگال ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای لە گەلی ئێزدی کرد، لەدژی گەڕانەوەی ئیدارەی پێشوو هەڵوێست دەربڕن و ڕیگا نەدەن ئیرادەی گەل بخرێتە ژێرپێ.


دەستەی بەڕێوبەری شەنگال، بەئامادەبوونی هەموو دامەزراوەکانی شەنگال کۆبوونەی لەبارەی ڕەوشی ناوچەکە و شەنگال ئەنجامدا و لەدوای کۆبوونەوەکە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.

ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن ریهام حاجۆ، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوبەری شەنگال خوێندرایەوە کە تێیدا هاتبوو: لەکاتێکدا ئێمە کار بۆ گەڕانەوەی ئەو ئێزیدیانە دەکەین کە لەکامپەکاندا دەژین، لەکاتێکدا کە گەلی ئێمە بووەتە خاوەنی ئیرادە، خۆمان خۆمان بەڕێوەدەبەین و خۆمان خۆمان دەپارێزین، پیلان بۆ لەناوبردنی ئەو ئیرادەیەمان دادەندرێت.

"قبوڵناکەین ئیرادەمان بخرێتە ژێرپێ"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکرابوو، کە هەوڵدەدرێت، کە جارێکی دیکە ئەو ئیدارەیەیەی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەو کەسانەی کە شەنگالیان بەجێهێشت، بگەڕێندرێنەوە شەنگال، هەروەها هاتبوو: هەموو کەس دەزانێت، کە لە ٣-٨-٢٠١٤دا ئەو هێزانەی لە شەنگال هەڵهاتن بوونە هۆی ئەوەی فرمان بەسەر ئێزیدییەکاندا بێت، بۆیە ئیتر قبوڵی ناکەین بە سیاسەتی پێشوو فەرمانمان بەسەردا بسەپێنرێت، ئەو هێزەی گەلەکەمانیان نەپاراست جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ شەنگال.

لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو: لەسەر ئەو بنەمایە، ئێمە داوا لەهەموو گەلی شەنگال و هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی عەشرەتەکانی شەنگال دەکەین، لەدژی ئیدارەی پێشوو کە هەوڵدەدات، جارێکی دیکە بگەڕێتەوە شەنگال هەڵوێست دەربڕن و ڕێگانەدەن ئیرادەی گەلەکەمان لەناوببرێ، پێویستە ڕێگانەدرێت هیچ کەس خوێنی شهیدەکانمان بۆ بەرژەوەنی شەخسی بەکار بهێنێت و پێویستە گەنجان هیچ بڕیارێک کە لەبەرژەوەندی گەلی ئێمەدا نەبێت قبوڵی نەکەن.

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە: وەک خۆبەڕێوبەری شەنگال بەهیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەین، کەسێک کە بوونە دروستبوونی فەرمان و وێرانکردنی شەنگال جارێکی دیکە بگەڕێنەوە و ئیرادەمان بخەنە ژێرپێ.

د.ع