تاکە کوورەچییەکەی کەلار ٣٥ ساڵە بەردەوامە لە کارەکەی

لە شارۆچکەی کەلار پیشەوەرێک ٣٥ ساڵە کاری کورەچێتی دەکات، ئەو کورەچییە باس لەوەدەکات، تاکە وەستای کورەچییە لە سنورەکە و پیشەکەی لە باو و باپیرانیەوە بۆ ماوەتەوە، بەڵام لە ئێستادا کارەکەی بەرەو لە ناوچوون دەچێت و بەهۆی زەحمەتی کارەکە و پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیاش منداڵەکانی ئامادەنین درێژە بە کارەکەی بدەن.


پیشەی کورەچێتی یەکێکە لە پیشەدێرینەکان و بەو پێیەی وەستاکەی مامەڵە لەگەڵ کورەی ئاگر و ئاسن دەکات، پیشەکە بە کارێکی زەحمەت دەناسرێت، بەڵام هەر لە کۆنەوە یەکێک بووە لە پیشە گرنگ و پێویستەکان بۆ دروستکردنی ئەو کەرەستە و پێداویستییانەی کە بە ئاسن دروستدەکرێن و زۆربەیان دەگمەنن و لەبازاڕەکاندا دەستناکەون، لە ئێستادا بەهۆی پێشکەوتنی پێشەسازییەوە ئەم پیشەیەش بەرە و نەمان و لە ناوچوون دەڕوات، بەڵام نەوزاد ئەحمەدی کورەچی لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان نزیکەی ٣٥ ساڵە دەستبەرداری پیشەکەی نەبووە.

وەستا نەوزاد ئەحمەدی کورەچی، هاوڵاتییەکی دانیشتووی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە و تاکە کەسە لە سنورەکە کە کاری کورەچێتی دەکات و سەبارەت بە مێژووی کارەکەی بۆ ڕۆژنیوز وتی: هەر لە منداڵییەوە خەریکی ئەم پیشەیەم و لە باو و باپیرانمەوە بۆم ماوەتەوە، تا ئێستاش نزیکەی ٣٥ ساڵە بەردەوامیم بەم کارە داوە.

لە پیشەی کورەچێتیدا وەستا پێویستی بەبوونی کورەی ئاگرە بۆ نەرمکردنی ئاسن و دواتر لە ڕێگەی چەکوش و دەزگایەکی تایبەتەوە ئەو شێوە و ئامێرەی دەیەوێت لێی دروست دەکات، وەستا نەوزاد سەبارەت بە کارەکەی و چۆنیەتی قۆناغەکانی دروستکردنی کەرەستەیەک وتی: سەرەتا کورەکەم هەڵدەکەم کە سەرچاوەی ئاگرەکەی خەڵوزە، دواتر پارچە ئاسنەکە دەخەمە کورەکەوە تا سوردەبێتەوە و نەرم دەبێت دواتر دەری دەهێنم و لەسەر دەزگایەک چەکوشکاری بۆدەکەم و ئەو شێوە و کەرەستەیەی دەمەوێت لێی دروست دەکەم، دواتر بە کۆسەرە بڕین و بڕبەنکاری بۆ دەکەم و دواتریش ئاوگیری دەکەم.

ئەو وەستایە ڕۆژانە چەندان کەرەستە دروستدەکات وەک: (چەقۆ، داس، قەمە، تەوزین، قولاب، نوێڵ، خورمابڕ، چەخماخ، خەنجەر، تەور و چەندان کەرەستەی دیکە) وەک خۆی دەڵێت: "زۆربەی ئەو شتانەی دروستی دەکەم دەگمەن و تایبەتن و خواستی تایبەتی لەسەرە و هەندێکیشی شتی کلتوری و مێژووین و خەڵک بۆ جوانی و زیندووکردنەوەی داوایدەکەن و منیش دروستی دەکەم، هەندێ جاریش بۆ دروستکردنی چەقۆیەکی تایبەت ڕۆژێکی تەواوم پێدەچێت.

نەوزادی کورەچی پێشەکەی خۆی خۆشدەوێت و نیگەرانە لە ترسی لەناوچوونی پیشەکەی و لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەدا: ئەم پیشەیەم خۆشدەوێت و لە منداڵییەوە بەردەوامم لەسەری و تا بتوانم بەردەوامدەبم، هەروەها بژێوی ژیانی خێزانەکەمی لەسەرە، بەڵام لە ئێستادا تاکە وەستای کورەچیم لە شارەکەدا و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کورەچێتی بەرە و نەمان و لەناوچوون دەڕوات، لەبەر زەحمەتی کارەکەش هیچکام لە منداڵەکانم ئامادەنین ئەم پیشەیە هەڵبژێرن.   

 ک.س