تراکتۆرێک وەرگەڕا و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا

لەکاتی کێڵانی زەویدا لە گوندێکی شارەدێی قەرەتەپە-ی سەر بە خانەقین، تراکتۆرێک وەرگەڕا و بەهۆیەوە شۆفێرەکەی کە مێردمنداڵێک بووە دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.


بەیانی ئەمڕۆ لە گوندی قەرێتاغ‌ی سەر بە شارەدێی قەرەتەپەی لە شارۆچکەی خانەقین، تراکتۆرێک لەکاتی کێڵانی زەویدا وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە شۆفێرەکەی گیانی لەدەستداوە.

شۆفێری تراکتۆرەکە کە گیانی لەدەستداوە مێردمنداڵێک بووە بەناوی شاهۆ ئیجران و لەدایکبووی ساڵی ۲۰۰۲ و دانیشتووی شارەدێی ڕزگاریی سەر بە شارۆچکەی کەلار بووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ڕۆژنیوز لە پورزایەکی قوربانییەکەوە وەریگرتووە، مێردمنداڵەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پاش خۆرهەڵهاتن بە تەنها ڕووی لە گوندی قەرێتاغ کردووە و دەستی بە کێڵانی زەویی کردووە، دواتر تراکتۆرەکەی وەرگەڕاوە و کەوتوەتە ژێرییەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.

پۆلیسی گەرمیانیش لە ڕاگەیەنراوێکدا، هەواڵی گیان لەدەستدانی مێردمنداڵەکەی پشت ڕاستکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لە ئێستادا بەمەبەستی ئەنجامدانی توێکاری بۆ تەرمەکەی، ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی شارۆچکەی کەلار کراوە.

ب.ل