ته‌رمی سێوان ‌قادر له‌پاڵ منداڵه‌كانیدا به‌خاك سپێردرا

لە مەراسیمێکی ماته‌مینیدا، ته‌رمی سێوان‌ قادر، ئەو ژنەی هەفتەی ڕابردوو لە ماڵەکەی خۆیدا لەگەڵ سێ منداڵیدا سوتا، لە گۆڕستانی خاڵە کەریم لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، لە تەنیشت سێ منداڵەکەیەوە بەخاک سپێردرا.


لە ڕووداوێکدا کە کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە، سێوان قادر و سێ منداڵی لە ماڵەکەی خۆیاندا "سوتێندران"، دەستبەجێ منداڵەکان لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەستدا و ژنەکەش، دوای مانەوەی هەفتەیەک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەست دا و پاش توێکاریی پزیشکی دادوەریی، تەرمەکەی گەڕێندرایەوە بۆ چمەچەماڵ.

لە مەراسیمێکدا، کە جگە لە کەسوکارەکەی و هاوڵاتیانی چەمچەماڵ، ژمارەیەک لە پارێزەران و چالاکی ژن ئامادەبوون و داوایان کرد سزای یاسایی تاوانبار بدرێت، تەرمی سێوان لە گۆڕستانی خاڵە کەریم لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، لە تەنیشت سێ منداڵەکەیەوە بەخاک سپێردرا.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکانی ڕووداوەکە، هاوسەری ژنەکە هەستاوە بە ئەنجامدانی ئەو کارە و ژن و منداڵەکانی سوتاندووە.

شه‌فیق نوری، مامی سێوان ‌قادر، لە کاتی مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەدا، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، هەموان هاوسۆزیان بۆ ئەو پرسە دەربڕیووە، دڵنیایی خۆشی دا، کە ئەو کەیسە بە لاڕێدا ناڕوات، چونکە کەیسەکە ڕێچکەی خۆی وەرگرتووە.

بەهۆی ئەو ڕووداوەشەوە، قائیمقامیەتی چەمچەماڵ سبەینێی وەک ڕۆژی ماتەمینی لە شارۆچکەکەدا ڕاگەیاند.

ڕۆژی ١٧ی ئه‌م مانگه‌ واتا ڕۆژێك دوای ڕووداوه‌كه،‌ هاوسه‌ری سێوان به‌ناوی (دیار مه‌جید) به‌بڕیاری دادوه‌ر به‌پێی ماده‌ی (٤٠٥) له‌یاسای سزادانی عێراقی ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بەهۆی سست بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەکان لە دادگای چەمچەماڵ، کەسوکاری سێوان داوایان کردووە کەیسەکە بگوازرێتەوە بۆ دادگای سلیمانی و بڕیاره‌ له‌لایه‌ن دادگای سلێمانییه‌وه‌ به(إناب) واتا له‌بری دادگای چه‌مچه‌ماڵ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌كه‌یسه‌كه‌ بكات، هەروەها به‌ڵگه‌ و دۆكۆمێنته‌كان له‌سه‌ر كه‌یسه‌كه‌ كۆبكرێته‌وه‌ بخرێته‌ به‌رده‌ستی دادوه‌ر تا بڕیاری كۆتایی له‌باره‌ی كه‌یسه‌كه‌وه‌ بدات.

ش.ف