تورکیا بە ناوی خزمەتگوزارییەوە دەستێوەردان دەکات

لەژێر ناوی ئەنجامدانی پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی، سه‌رۆکی (ئاژانسی تیکا بۆ یارمه‌تیدان و هه‌ماهه‌نگی) له‌گه‌ڵ باڵوێزی تورکیا له ‌عێراق، سه‌ردانی  شارۆچکه‌ی خورماتوو-یان کرد، ئەوان دەیانەوێت بە ناوی خزمەتگوزارییەوە دەستێوەردان لە کەرکوک و خورماتوو بکەن.


ئه‌مڕۆ سه‌ردار جام، سه‌رۆکی ئاژانسی تیکا بۆ یارمه‌تیدان و هه‌ماهه‌نگی، له‌گه‌ڵ فاتیح یه‌ڵدز، باڵوێزی تورکیا له‌ عێراق، سه‌ردانی شارۆچکه‌ی خورماتووی سه‌ر به‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین ـ یان کرد.

حه‌سه‌ن زه‌ین ئه‌لعابدین، قائیمقامی شارۆچکه‌ی خورماتوو، لەبارەی سەردانی ئەو بەرپرسانەی تورکیاوە بۆ شارۆچکەکە، به‌ ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: سه‌رۆکی ڕێکخراوی تیکا هاتوه‌ته‌ عێراق بۆ بەسه‌رکردنه‌وه‌ی کاره‌کانی ئاژانسه‌که‌ی له‌ شاره‌کانی عێراق و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی دوو قشڵه‌ له‌ که‌رکوک و به‌غدا.

ڕاشیگەیاند: سه‌رۆکی ئاژانسی تیکا له‌گه‌ڵ باڵوێزی تورکیا له‌ عێراق، هاتنه‌ شارۆچکه‌ی خورماتوو و له‌ بینای قائیمقامییه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن له‌ هه‌ر سێ نه‌ته‌وه‌ی تورکمان و عه‌ره‌ب و کورد و پیاوماقوڵانی هه‌ر سێ نه‌ته‌وه‌که‌ کۆبوونه‌وه. 

قائیمقامی شارۆچکه‌کی خورماتوو، ئاشکراشی کرد: له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌رۆکی ئاژانسی تیکا بڕیاریدا سێ پرۆژه‌ جێبه‌جێ بکات له‌ شارۆچکه‌که،‌ یه‌که‌میان دانانی گڵوپ بۆ سه‌رجه‌م شه‌قامه‌کانی ناو خورماتوو له ‌هه‌موو گه‌ڕه‌که‌کان و دروستکردنی پارکێکی گه‌وره‌، هه‌روه‌ها  دروستکردنی شۆسته‌ بۆ شه‌قامی چه‌ند گه‌ڕه‌کێک، دوای کۆبونه‌وه‌که‌  ناوچه‌که‌یان جێهێشت.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ڕۆژنیوز، له ‌ئه‌ندامێکی ئه‌نجومه‌نی شارۆچکه‌ی خورماتوو وه‌ریگرتووه‌، باڵوێزی تورکیا و سه‌رۆکی ئاژانسی تیکا، پێش چوونیان بۆ قائیمقامییه‌تی شارۆچکه‌که‌، له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی تورکمانی کۆبوونه‌ته‌وه‌ و دواتر چوونەتە‌ لای قائیمقام.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، تورکیا دەیەوێت لەژێر ناوی پرۆژەی خزمەتگوزاریی، دەستێوەردان لە کەرکوک و خوەرماتوو بکات و ناکۆکی بخاتە نێوان پێکهاتەکانەوە.

بڕیارە سبەی ئەو دوو بەرپرسەی تورکیا سەردانی شاری کەرکوک-یش بکەن.

ئاژانسی تیکا، یان ئاژانسی یارمه‌تیدان و هه‌ماهه‌نگی تورکی، لە ساڵی ١٩٩٢ دامەزراوە و ڕاستەخۆ سەربە سەرۆک وەزیرانی تورکیایە، کاری ئەو ئاژانسە تەرکیزخستە سەر ئەو وڵاتانەیە، کە تورک و تورکمانی لێدەژین و لە ڕێگەی پرۆژەی خزمەتگوزارییەوە، هەژموونی تورکیی زاڵ دەکات.

قشڵە بەو قەڵایانە دەوترێت، کە عوسمانییەکان داگیریان کردووە و کردوویانە بە بنکەی سەربازیی، بۆ نمونە: له‌گه‌ڵ داگیرکردنی کوردستان له‌لایه‌ن عوسمانییه‌کانەوە، قه‌ڵای کۆیه‌ کراوە بە بنکەیەکی سەربازی و لەو کاتەوە نازناوی قشڵە-ی وەرگرتووە، بەو پێیەی قشڵه‌ وشه‌یه‌کی تورکییه‌ و به‌ واتای بنکه‌ی سه‌ربازیی دێت.

دەوڵەتی تورک ئێستاش خەون بە زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانییەوە دەبینێت، بەتایبەتی لە سەردەمی ئەردۆغاندا، بۆ ئەوەش بە شێوازی جیاجیا داگیرکاریی لە عێراق و سوریا ئەنجام دەدەن.

 

ک.ک