تووشبوانی ئۆتیزم بەتەنیا جێناهێڵرێن

لە ڕۆژی جیهانیی ئۆتیزم-دا مەراسیمێک لەژێر ناوی 'ئێوە تەنیا نین، ئیمە لەگەڵتانین'، مەراسیمێک بۆ تووشبوانی ئۆتیز، لە شاری سلێمانی بەڕێوەجوو.


ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی ئۆتیزم-ە، بەو بۆنەیەوە کۆلێژی پەرستاری زانکۆی سلێمانی و سەنتەری ئۆتیزم و ئەمریکان کۆڕنەر بە ناونێشانی ( ئێوە تەنیا نین ئێمە لەگەڵتانێن) ، لە سەنتەری ئۆتیزم لەشاری سلێمانی مەراسیمێک سازکرا.

لە مەراسیمەکەدا منداڵانی نەخۆشی ئۆتیزم لەگەڵ خوێندکارانی کۆلێژی پەرستاریی وێنەیان بە بۆیەی شل  لەسەر پەرەی کەغەزەکان دەکێشا، ئەوەی لە فکر و هزریاندایە لەسەر کاغەزەکە وێنایان دەکرد.

پاشان دیاریی بەسەر منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزمدا پیشکەش کرا.

هەر لەو مەراسیمەدا، هەریەک لە عومەر عەبدوڵا، بەڕێوبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سلێمانی، ئازاد حەمە ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، د. ژیان ساڵح ڕاگری کۆلێژی پەرستاری زانکۆی سلێمانی، هاوبیر حەمە بەڕێو بەری ئەمریکان کۆڕنەر لە سلێمانی و د. کەریم قەرەچەتانی مامۆستای زانکۆ لە کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی، وتاریان پێشکەش کرد.

هەریەک لەو کەسانە لە وتارەکانیاندا، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە، کە پێویستە هاوکاریی دایکان و باوکان بکرێت بۆ جۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم و ڕێنامیی بکرێن، هەروەها داوایان کرد، کە زیاتر گرنگیی بە خوێندنگا و سەنتەرەکانی تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بدرێت.

بە پێ زانیاریەکانی کۆمەڵەی ئۆتیزم تەنیا لە  باشوری کوردستان ساڵانە  زیاتر لە ١٠٠ منداڵی تووشبوو نە خۆشیی ئۆتیزم تۆمار دەکرێن، بەگشتییش نزیکەی ٣٠٠٠ حاڵەت بە  ئۆتیزم دیار کراوە ، لەو ژمارەیش( ٩٠٠) منداڵ لە هەولێر و (١٠٥٠) منداڵ لە سلێمانی و  (٧٥٠ )منداڵ لە دهۆک و( ٢٥٠)  منداڵ لە کەرکوکن.

لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢٠ سەنتەری  ئەهلی ڕاهێنان و پەروەردەی مندالانی  ئۆتیزم هەن، ئەمە لە کاتێکدا تەنیا ٣ سەنتەری ئۆتیزمی حکومیی هەیە.

ئۆتیزم یەکێکە  لەو نەخۆشیانەی کە بە هۆی گەشەنەسەندی تەواوی مێشک دورست دەبێت و کاریگەریی دەکاتە سەر چۆنیەتی ڕەفتارکردنی ئەوکەسە لەگەڵ دەوروبەرەکەی، نەخۆشییەکە بە زۆریی لە تەمەنی پێش چوار ساڵییدا لە منداڵدا دەردەکەوێت و بۆماوەیی بە سەرەکیترین هۆکاری نەخۆشییەکە دەستنیشان کراوە.

ش.ف