تۆری هاوپەیمانی كەمینەكان : كوشتنی پێکهاتەکان لە عێراق  بەردەوامی هەیە

تۆری هاوپەیمانی كەمینەكان لە عێراق، ڕایدەگەیەنێت هێشتا كوشتنی پێکهاتەکان لە عێراق بەردەوامی هەیە، هەروەها ئاماژە بەوەدەکەن، کە لەساڵى ٢٠١٨دا چەندین سیمبولى پێکهاتەکان لەناوبراوە و لە ڕاگەیەندراوەکان و میمبەرەکانەوە سوکایەتی بە پێکهاتەکان کراوە، داواش دەکەن حکومەت ڕێوشوێنى پێویست بگرێتەبەر و کاربکات بۆ ئەوەى خۆیان و مافەکانیان پارێزراوبێت.


ئەمرۆ لە هوتێل شیراتۆن لە شاری هەولێر  پرۆژەی پەرەپێدانی مافی "كەمە نەتەوەكان" لە عێراق كە تۆری  هاوپەیمانی كەمینەكان لە عێراق سەرپەرشتی دەكات  ئاماری ساڵى ٢٠١٨ى  لەبارەی پێشلكاریەكان بەرامبەر بە پێكهاتەکان بڵاو كردوە. 

هۆگر چەتۆ : سەرپەرشتیاری تۆری هاوپەیمانی كەمینەكان لە عێراق  لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، ئامارەکەى خوێندەوە و  ڕایگەیاند: تاوەكو ئێستا كوشتنی پێكهاتەکان لە عێراق  بە هۆكاری جۆراچۆر بەدەوامی هەیە.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتبوو، کە لەساڵى ٢٠١٨ دا لە عێراق چەنین کەس لە پێکهاتەکان کوژران لە هەرێمى کوردستان و عێراق، کە تێیدا ئاماژە بە کوشتنى دایک و کوڕێک لە پێکهاتەى شەبەک کرابوو لە ڕۆژى ٢٧ى ئازارى ئەمساڵدا، کە لەشارى هەولێر لە ماڵەکەى خۆیاندا کوژرابوون، هەروەها ئاماژە بەوەکرابوو کە لە ڕۆژى ٢٧ى مانگى شوبات-ى ئەمساڵدا، گەنجێکى نەسیحى لەشارى بەغدا لەکاتى ڕۆشتنەدەرەوەى لەماڵى خۆیان کوژراوە، هەروەها ئاماژە بە کۆمەڵکوژکردنى خانەوادەیەکى مەسیحى کراوە لە بەغدا، لە ڕۆژى ٨ ئازارى ئەمساڵدا.

لە ڕاپۆرتەکەى تۆری هاوپەیمانی كەمینەكان لە عێراق ئاماژە بەوەشکراوە، کە ١٩ کەناڵى تەلەفزیۆنییەوە لە عێراق، کە زۆربەیان سەر بە دەسەڵاتن، سوکایەتى بە پێکهاتەکان دەکرێت، سەرەڕاى ئەوەى سکاڵایان لەسەر ئەو کەناڵانە تۆمارکردووە بەڵام ساردى هەیە لە لێپرسینەوە لەگەڵیاندا لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەوەکانەوە.

لە بەشێکى دیکەى ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە تێکدانى سیمبوڵ و پەرستگاى پێکهاتەکان کرابوو لە عێراق، تێیدا هاتبوو، کە لە ڕۆژى ٢١ى ئازارى ئەمساڵ ئارامگای سەید (زێبار)ی ئایینی كاكەیی یارسانی لە ڕۆژئاوای شارۆچكەی داقووقی سەر بە شاری كەركووك، وێرانكراوە لەلایەن کۆمەڵێک کەسەوە، هەروەها ئاژە بە وێرانکردنى زۆرینەى ئەو مەزارگە و ئارامگا و سیمبوڵى پێکهاتەى مەسیحى و ئێزدى و کاکەیى دەکات، کە کەوتوونەتە ئەو ناوچانەى لەلایەن چەتەکانى داعش-ەوە داگیرکرابوو.

لە کۆتایى ڕاپۆرتەکەدا، تۆری هاوپەیمانی كەمینەكان لە عێراق، چەند ڕاسپاردەیەکیان ئاڕاستەى لایەنە پەیوەندیدارەکان کردبوو، کە بریتیبوون لە.

یەكەم:- ڕاسپاردە بۆ دەسەڵاتدارنی عێراق و هەولێر

١-  پەلەكرن لە دەركردنی ئەو یاسایانەی ڕێگا لە جیاكاریی دەگرن و سنوری بۆ دادەنێن و كاركردن بۆ هەمواركردنەوەی ئەو یاسایانەی، کە برەو بە چەمكی جیاكاریی دەدەن.

٢-  حكوومەتەكان لەسەریان پێویستە كە سیاسەت و بەرنامەیەك دابنێن، كە تیایدا مافی پێکهاتەکان بەرز بنرخێنێت و جیاكاریی بگۆڕن بۆ جیاكارییەكی ئیجابی، ئەویش لە ڕێگای پێدانی ماف و ئازادیی زیاتر بۆ ماوەیەكی دیاریكراو.

٣- كاركردن بۆ دەستێوەرنەدانی هەڵبژاردنی نوێنەری پێکهاتەکان لە ڕێی (كۆتا)، لە دەستە هەڵبژێردراوەكان و بەهۆی تۆماری دەنگدەران و فەرمانگەكانی هەڵبژاردنی تایبەت بە كەمینەكان.

٤- پەلە بكرێت لە یەكلاكردنەوە و لێكۆڵینەوەی ئەو تاوانانەی دژ بە ڕۆڵەی پێکهاتەکان دەكرێت و دەرخستنی ڕاستییەكان و دەستنیشانكردنی تاوانباران و دەستگیركردنیان، هەروەها جێبەجێكردنی دادپەروەری بۆ قوربانییەكان.

٥- پەلە بكرێت لە چاككردنی ئەو پڕۆگرامانەى خوێندنی پەروەردە، كە ئاماژەن بۆ جیاكاریی بەرامبەر ئەویتر و گۆڕینیان بە پڕۆگرامێک، كە لەگەڵ ماف و ئازادییە سەرەكییەكانی تاك بگونجێت.

٦- پێویستە چاودێری مینبەری وتاربێژان و حیزبەكان و گردبوونەوەكان بكرێت، بۆ ڕێگرتن لەو وتارانەی، كە زۆرجار دژی كەمینە ناموسوڵمانەكان دەدرێن.

٧- پێویستە ژینگەیەكی گونجاو بۆ پێکهاتەکان لە عێراق دابین بكرێت و بەرنامەیەكیش دابنرێت، كە بوونیان لە وڵاتەكەی خۆیان بەرز بنرخێنێ.

٨-  پێویستە حكوومەتەكان كار بۆ ئەوە بكەن كە سنوورێك بۆ كۆچ دابنێن، بەتایبەتیش كۆچی ڕۆڵەی پێکهاتەکان،                     بەمەبەستی پاراستنی بوون و ناسنامەیان.

دووەم:- ڕاسپاردە بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕاگەیاندنەكان

١- پشتگیریكردنی ئەو دەستپێشخەرییە مەدەنیانەی، مانەوەی كەمینەكان لە خاكی خۆیان بەرز دەنرخێنن و یارمەتییان دەدەن بۆ خۆڕاگرییان و كۆتایی نەهاتن بە بوون و ناسنامەیان.

٢- پێویستە پشتیوانیی پرس و داخوازیی و خەمەكانی كۆمەڵگا كەمینییەكان بكرێت، لەپێناو بەرزنرخاندنی بوونیان و وەدەستهێنانی مافەكانیان.

٣- پێویستە بارودۆخی كەمینەكانی عێراق وەبیربهێندرێتەوە و هۆشداری لەسەر بدرێت، لەپێناو باشكردنی بارودۆخیان و بەدیهێنانی مافەكانیان.

٤- پەخشنەكردن و بڵاونەكردنەوەی گوتاری ڕقەبەری و توندوتیژ و كاركردن بۆ پێكەوەگونجانی كۆمەڵایەتی، لە نێوان ڕۆڵەی كەمینەكان، لە دەزگاكانی ڕاگەیاندندا.

د.ع