تۆڕی بەندییەكان لە عێراق: ٩٢٪ی بەندینخانەکان شیاوی ژیان نییە

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی تۆڕی بەندییەكان لە عێراق لەبارەی ڕەوشی بەندنیخانەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە ٩٢٪ی بەندینخانەکانی عێراق شیاوی ئەوەنین ناویان لێ بنرێت شوێنی چاکسازیی و شوێنێکی باش نین بۆ ژیانی زیندانییەکان.


تۆڕی دادپەروەریی بۆ بەندییەكان کە لە ٤٨ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی پێکهاتووە، ماوەی سێ ساڵە کار لەسەر ڕەوشی بەندینخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و ساڵانە ڕاپۆرتی تایبەت لەوبارەیەوە بڵاودەکاتەوە.

شوان سابیر سەرۆکی تۆڕی دادپەروەریی بۆ بەندییەکان لە عێراق، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر ڕایگەیاند، بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی ئەوان کردویانە، بۆیان دەرکەوتووە زیندانەکان لە زۆر ڕووەوە لەیەک دەچن، بەڵام تا ئاستێک زیندانەکانی هەرێمی کوردستان بەبەراورد بەوانەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، باشترن.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ڕەوشی بەندینخانەکان لە ڕووی شوێنەوە خراپە و قەرەباڵغیی پێوە دیارە، بەشێوەیەک لەنێو زیندانەکان کەمتر لە یەک مەتر چوارگۆشە بۆ هەر زیندانییەک هەیە، لە کاتێکدا بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، پێویستە هەر زیندانییەک ڕووبەری دوو مەتر چوارگۆشەی لەنێو بەندینخانەکاندا هەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی تۆڕی بەندییەكان لە عێراق، ٢٧٪ی بەندینخانەکان دۆخیان زۆر خراپە و بەهیچ شێوەیەک بۆ ژیان ناشێن، هەروەها ٦٥٪ بەندینخانەکان هەرچەندە هەر دۆخیان خراپە، بەڵام تا ئاستێکی دیارییکراو لەوانەی بەشی یەکەم باشترن، ٨٪ی بەندینخانەکانیش بیناکانیان نوێن و بەشێوەیەکی ستاندارد دروستکراون، بەو پێیەش کۆی گشتی ٩٢٪ بەندینخانەکان شیاونین بۆ چاکسازی و ژیانی زیندانییەکان.

ش.ف