تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داخران.. نوێکراوەتەوە

لەگەڵ پەرەسەندنی خۆپێشاندان و ناڕەزایی خەڵکی شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق CMC  ئێوارەی ئەمڕۆ بڕیاری داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا، بڕیارەکە لە هەرێمی کوردستانیشدا دەچێتە جێبەجێکردنەوە و لە ئێستادا لە شاری هەولێر تۆڕەکان ڕاگیراوە.


بڕیاری داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق و باشوری کوردستان درا، لەوبارەیەوە وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

لەو بارەیەوە ئومێد محەمەد ساڵح وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بە ڕۆژنیوزی رایگەیاند : لە هەرێمی کوردستان تا کاتێکی نادیار تەواوی سۆشیال میدیاکان دادەخرێن و ئەمەش لەسەر داوای دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق CMC و کۆمپانیاکانی دابینکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنیت لە عێراق و کوردستان پابەندی ئەو بڕیارە دەبن.

هەروەها روونیکردەوە، کە کاتی کردنەوەی سۆسیال میدیاکان نادیارەو پەیوەندی بە بڕیاری CMC وە هەیە.

هەندێک کۆمپانیای تایبەتی ئینتەرنێت خزمەتگوزاریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان لە تەواوی کوردستاندا ڕاگرتووە، بەڵام بەشێکیش لە کۆمپانیاکان تا ئێستا هیچ ئاستەنگییەکیان بۆ تۆڕەکان دروستنەکردووە، بەتایبەت لە شاری سلێمانی.

س.ح