تەرمی منداڵێکی خنکاو دەرهێنرا و گەڕان بەدوای ٢ تەرمی دیکەش بەردەوامە

تەرمی منداڵە خنکاوەکەی ڕەواندوز لە ڕووباری بێخاڵ دەرهێنرایەوە و گەڕان بە دوای تەرمی دوو کەسی دیکەش، کە یەکێکیان هەفتەیەک پێش ئێستا و ئەویدیکەشییان لە دووەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان لەو سنورە خنکان بەردەوامە.


ئێوارەی دوێنێ لە سنوری شارۆچكەی سۆرانی، سەر بە پارێزگای هەولێر، تەرمی منداڵە تەمەن ٨ ساڵانەكەی ڕەواندوز لەلایەن تیمەكانی پۆلیسی بەرگری شارستانی سۆران، لە ڕووباری بێخاڵ دۆزرایەوە، بەڵام تا ئێستا  تەرمی ئەوكچەی كە هەفتەیەك لەمەوبەر لە ڕووباری دێرەلووك لە سنوری مێرگەسۆر خنكا و تەرمی  منداڵێكی عەرەب كە دووەمین ڕۆژی جەژن لە ڕووباری بێخاڵ خنكاون نەدۆزراوەتەوە.

لەسەر ڕووداوەکان ڕائید بەیار محێدین، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران، بە ڕۆژنیوزی وت "ئەو منداڵەی دوو ڕۆژ لەمەوبەر لە ڕووباری كاولۆكان لە سنوری ڕەواندوز خنكا تەرمەکەی لەناو ڕووباری بێخاڵ دۆزرایەوە".

وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران، وتیشی: "بەهۆی لێڵ بوون و زۆری ئاوری ڕووبارەكان كاری گەڕان بەدوای تەرمەكان قورسە، بەڵام تیمەكانمان لە بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران لە کەنارەکانی ڕووبارەكان بەردەوامن لە هەوڵەكانیان" .

بەیار ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد "ئەو كچەی هەفتەیەك لەمەوبەر لە دێرەلوك خنكا بە وتەی چەند هاوڵاتیەك تەرمەكەی لە سنوری ئاوی زێی گەورەدا بینراوە، بەڵام نەتوانراوە لە ئاودەربهێندرێت و ئێستاش تیمەكانمان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی".

دەربارەی منداڵە تەمەن چوار ساڵانەکەی كە دووەم ڕۆژی جەژن لە هاوینە هەواری بێخاڵ خنكابوو. ڕایگەیاند "بەهەمانشێوە تیمەكانمان لە ڕووبارەكاندا كاری خۆیان دەكەن هیوادارین بتوانین تەرمەکان بدۆزینەوە".

ک.س