تەرمی گەنجێک بە هەڵواسراویی دۆزرایەوە

گەنجێکی تەمەن ٢١ ساڵ لە شاری سلێمانی بە پەت خنکا، پۆلیسیش دەڵێت، کە ڕووداوەکە خۆکوژیی بووە و بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بووە.


بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە گەڕەکی تووی مەلیکی شاری سلێمانی، تەرمی هاوڵاتییەک بەناوی کۆسار کەریم، لە شوێنی کارپێکردنی موەلیدەی ئەهلیی بە هەڵواسراویی دۆزرایەوە.

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، زانیاریی زیاتتری بە ڕۆژنیوز دا و وتی:"کۆسار کارپێکەری مۆلیدەی ئەهلیی گەڕەکەکە بووە، شەو لە شوێنی کارەکەی ماوەتەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەرکەوتووە، کە بە پەت خۆی هەڵواسیوە و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانیش دەریانخستووە، کە خۆی خۆی کوشتووە".

هەر بەوتەی ناوبراو، "بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە گەنجەکە خۆی کوشتووە".

کۆسار کەریم، لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٨ بووە، دانیشتووی گەڕەکی هەوارە بەرزەی شاری سلێمانی بووە، دوای ڕووداوەکەش تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەریی سلێمانی.

ش.ف