تەقە لەدوو كەس كرا یەكێكیان كوژرا و یەكێكیان بەسەختی بریندار كرا

لە شارەدێی شۆڕش، كەسێك تەقەی لە دوو كەسی دیكە كرد، یەكێكیانی كوشت و یەكێكیشیانی بە سەختی بریندار كرد، كوژراو و بریندارەكە خاڵۆزا و پورزای یەكن.


ئێوارەی ئەمڕۆ، لە گەڕەكی قادر كەرەمییەكان، لە شارەدێی شۆڕشی سەر بە شارۆچكەی چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، كەسێك دەستڕێژی گوللـەی لە دوو كەسی دیكە كرد و یەكێكیانی كوشت و ئەوی دیكەیانی برینداركرد.

بە پێی ئەو زانیارییانەی، ڕەمك ڕەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ، بە ڕۆژنیوزی داوە، لە نزیك گرتوخانەی گرتن و گواستنەوەی چەمچەماڵ، دوو ماتۆڕسكیل ڕووبەڕووی یەكبونەتەوە و یەكێكیان دەستڕێژی گوللەی لەوانی دیكەیان كردووە و كەسێكی كوشتوە و یەكێكی دیكەی بە سەختی بریندار كردووە . 
قائیمقامی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەشدا، ڕووداوەكە پەیوەندی بەكوشتنی ئەو گەنجەوە  هەیە، كە ئەمساڵ لە مەراسیمی ئێل بەگی جاف لە قەرەداغ كوژرا .

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ڕۆژنیوز دراوە، كوژراوەكە ناوی (ع، ش، م) ەو بریندارەكە ناوی ( س، م، ع) ە و حەوت گوللـەی بەركەوتووە ڕەوانەی سلێمانی كراوە بۆ چارەسەركردن، هەردووكیان خەڵكی گوندی گۆمەزەردی سەر بە شارەدێی سەنگاون و  چەندین ساڵە كێشەیان لەنێوان هەیە.

د.ح