تەمەنی ٧٩ ساڵە و زیاتر لە نیو سەدەیە بەپینەچێتی بژێوی خۆی دابین دەکات

وەستایەکی تەمەن ٧٩ ساڵ، زیاتر لە نیو سەدەیە لە شارۆچکەی سەیدسادق بەپینەچێتی بژێوی خۆی دابین دەکات، وەک خۆی باسی دەکات "لەسەر دەستی خۆم چەندین کەسم فێری ئەو پیشەیە کردووە، بەڵام لە ئێستادا پیشەکە بەرەو لە ناوچوون دەچێت و خەڵک کەمتر پێڵاو چاکدەکات".  


هەرچەندە پیشەی پینەچێتی بەرەو لەناوچوون دەچێت، بەڵام حاجی حەبیبی، تەمەن ٧٩ ساڵ، کە ماوەی ٥٦ ساڵە لەناو بازاڕی شارۆچکەی سەیدسادقدا كاری پینەچێتی دەكات تائێستاش هەموو بەیانییەک لە کاتژمێر ٨ی سەر لەبەیانی تا ٦ی ئێوارە بەدەستە ماندوو لەرزیوەكانی بەردەوامە لەكارەكەی و ڕۆژانە ژنان، پیاوان و منداڵان، ڕوو لەدوكانەكەی دەكەن بەمەبەستی چاکكردنی پێڵاو جانتا و پێداویستییەکانی دیکەیان.

وەستا حەبیب، کە بەهۆی کەمبوونەوەی کاری پینەچێتی چەقۆش تیژ دەکاتەوە بەدەم کارەوە لەبارەی پیشەکەیەوە قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد و وتی:  لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستم بە کار کردووە و "سێ‌ ساڵ كارم بۆ پێشمەرگە كردوە لەگوندی كانی سێف، لە ساڵی ١٩٦٣ تائێستا كاری پینەچێتی لەسەیدسادق دەكەم و تامردنیش كارەكەمم خۆشدەوێت و لێی بێزار نابم".

وتیشی: چەندین كەسم لەسەر دەستی خۆم فێری كاری پینەچێتی كردوە، لەتەمەنی خۆشمدا هیچ كات لەكارەکەم نا ڕازی نەبووم، هەتا بشمێنم لێی نا ڕازی نابم، چونكە پێی ژیاوم و بەهۆی كارەكەمەوە پێویستیم بە کەس نەبووە.

وەستا حەبیب، کە هەمیشە بەقسەی خۆش موشتەرییەكانی بەڕێدەكات، لەپاڵ کارکردندا زۆربەی كات كەسانی بەتەمەنی هاوشێوەی خۆی ڕوو لەدوكانەكەی دەكەن و باسی سەردەمی گەنجی خۆیان و بەسەرهاتی كۆن بۆ یەكتر دەگێڕنەوە.

ئەو وەستایە كە تەمەنێكی لەگەڵ كارەكەیدا هەیە زیاتر باسی لەكارەكەی کرد و وتی: پینەچێتی بەئەقڵ دەكرێت و كارێكی ئاسان نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئێستا خەڵک کەمتر پێڵاو و کەرەستەکانی پینەدەکات بۆیە ئێستا جگە لەكاری پینەچێتی چەقۆش تیژ دەكەم و ڕۆژانە ٥ بۆ ٦ هەزار دینار پەیدا دەكەم و لەوەش كرێی دوكانەكەم کە ڕۆژانە ٣ هەزارو ٥٠٠ دینارە دابین دەکەم.

ک.س