تەڤگەری ئازادیی: فشاری دەرەکیی ڕێگرە لە ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان پێیوایە، هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتییەوە بەرەو هەڵدێر دەڕوات و شکستی زیاتر ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەوەش دەخاتەڕوو، کە فشاری دەرەکیی ڕێگرە لە ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا و دروستکردنی ئەنجومەنی سیاسیش بۆ حزبەکان بە "مەترسییەکی گەورە" ناودەبات.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە بارەگای خۆیان لە شاری سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان سەبارەت بە دۆخی سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، مەترسییەکان لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین و دانووستانەکانی نێوان بەغدا و هەولێر ئەنجامدا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، ڕووناک مەجید، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بەیاننامەیەکی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: شیمانە دەکرێت ئەم هەرێمە لەڕووی سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتی بەرەو هەڵدێر بڕوات و شکستی زیاتر ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان ببێتەوە، بەتایبەت لە ئێستادا بەڕوونی دیارە کە زۆرێک لە دامودەزگا حکومییەکان بە ئیشوکاری خۆیان هەڵناسن و بەرنامەکانی حکومەت جێبەجێ ناکرێت، جگە لەوەش پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش ناتوانێت چاودێرێکی باشبێت بەسەر حکومەتەوە و هەژموونی شەخسیی و حزبی بەسەریدا زاڵە.

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان پێیوایە، "دەسەڵاتداران ئامادەنین بۆ هەڵبژاردن و متمانەی خەڵکیان لەدەستداوە، بۆیەش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دوادەخەن".

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: بەوپێیەی زۆربەی داهاتی ئەم هەرێمە لەسەر نەوت و پێکهاتەکانییەتی، کەچی بەداخەوە دۆسیەی نەوت و سەرجەم داهاتە ناوخۆییەکان بە شاراوەیی ماونەتەوە، حکومەت بە ناشەفافیی نەوت دەفرۆشێت، داهاتەکەشی بۆ بەشێک لە حزبەکان چەند دەزگا و خەڵکێکی تایبەت بەکاردێت، گرنگینەدان بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازیی جووتیارانی نائومێدکردووە و ڕۆژانە بەرهەمەکانیان فڕێ دەدەن.

تەڤگەری ئازادیی ئاماژەی بە دۆخی ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستانیش کردووە و دەڵێت: هەر لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نوێدا، گرتن و ئەشکەنجەدانی کەسایەتیی سیاسیی و چالاکوان و ڕاگەیاندنکاران دەستیپێکردووە و لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان، ئەمەش مەترسیی زیاتر لەسەر کەشی دیموکراسیی لەم هەرێمەدا دروستدەکات.

تەڤگەری ئازادیی پێیوایە، کە بەغدا و هەرێم جددیی نین لە دانووستانەکانیان، ئەوەش دەخاتەڕوو: فشاری هێزە دەرەکییەکانیش بووەتە ڕێگر لەبەردەم ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا، ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوامبێت، ڕەنگە ساڵی ٢٠٢٠ بەغدا مووچە بۆ هەرێم نەنێرێت.

سەبارەت بە دەنگۆی دروستکردنی ئەنجومەنی سیاسیش بۆ حزبەکانی هەرێمی کوردستان، تەڤگەری ئازادیی دروستکردنی وەها ئەنجومەنێک بە "مەترسییەکی گەورە" دەزانێت و بۆ لەناوبردن و بێ ڕۆڵکردنی دامودەزگا فەرمییەکانی ئەم هەرێم ناویدەبات، بەوەی کە دەبێت سەرجەم بڕیارەکان لەلایەن پەرلەمان و دامودەزگاکانی وڵاتەوە یەکلایی بکرێتەوە، چونکە بە ئەنجامدانی کارێکی وەها، زیاتر دەستێوەردانی حزبیی و شەخستیی پەرەدەستێنێت.

ک.س