تەکنەلۆژیا ڕێگاخۆشکەرە بۆ ئەنجامدانی تاوان

کاریگەرییەکانی تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر کۆمەڵگا بەشێوەیەک زیادیکردووە، کۆمەڵناسان بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی دادەنێن، شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیاش نەبوونی فلتەر لە بەکارهێنانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا بەگوێرەی تەمەنی بەکارهێنەران وەک مەترسیی دەبینن.


لەم سەردەمەدا تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشێوەیەکی گشتگییر زۆرینەی جومگەکانی کۆمەڵگایان لە هەرێمی کوردستان و بەگشتیی جیهانیش گرتووە، هەرکەسێک دەتوانێت تەنها بە سێرچێک هەرچییەکی بوێ بەدەستیبهێنێت، ئەم کراوەییەش لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، چەندین کاریگەریی ئەرێنی و نەرێنیی بەسەر بەکارهێنەرانییەوە جێهێشتووە.

کۆمەڵناسان، تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە هۆکارێکی سەرەکیی لە زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و دابڕانی تاکەکان لە کۆمەڵگا و خێزان ناودەبەن، زاڵبوونی لایەنە نەرێنییەکانی تەکنەلۆژییاش بەسەر لایەنە ئەرێنییەکانیدا، بۆ ناهۆشیاریی بەکارهێنەرانی دەگێڕنەوە.

سەرکەوت عەبدولقادر، پسپۆڕی کۆمەڵناسیی بۆ ڕۆژنیوز باس لە کاریگەرییەکانی تەکنەلۆژیا و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ژیانی تاکەکان دەکات و دەڵێت: ئەگەر سەیرێکی دوو دەیەی ڕابردوو بکەین، دەبینین تاکەکان بەشێوەیەکی سادە لەچوارچێوەی خێزاندا کاروبارەکانی خۆیان ڕادەپەڕاند، بەڵام ئێستا تەکنەلۆژیا هاتووەتە ناو ژیانی تاکەکان و ڕۆڵیشی لە دابڕانی تاکەکان و زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتیی و خێزانییەکاندا بینیوە.

ئەو کۆمەڵناسە، تەکنەلۆژیا و تۆرە کۆمەڵایەتییش بە هۆکارێک بۆ هەڵکشانی ڕێژەی تاوان لە کۆمەڵگادا ناودەبات، نموونەش بۆ ئەم قسەیەی دەهێنێتەوە و دەڵێت: کاتێک وێنە یان ڤیدیۆیەکی کەسێک بڵاودەکرێتەوە، ئەو کەسە تووشی تەنگەژەیەکی دەروونیی و کێشەی کۆمەڵایەتیی دەبێتەوە، تا دەگات بە ڕادەیەک کە ڕووبەڕووی کوشتن یان خۆکوشتن دەبێتەوە.

بەبڕاوی ئەو کۆمەڵناسە، تەکنەلۆژیا بەشێوەیەک کاری لەسەر بەکارهێنەرانی کردووە، کە تاکەکانی تووشی گۆشەگیریی و دەرچوون لە بازنە کۆمەڵایەتییەکاندا کردووەتەوە و سەریکێشاوە بۆ "ئالوودەبوون" بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، دەشڵێت: ئێستا لەبری ئەوەی تاکەکان ئامێرەکانی تەکنەلۆژیا بەکاربهێنن، ئامێرەکانی تەکنەلۆژیا ئەوان بەکاردەهێنن.

سەرکەوت عەبدولقادر، ناهۆشیاریی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییش بە هۆکاری دروستبوونی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان دازانێت، نەبوونی یاسایەکی چالاک و فلتەرنەکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بە ڕێگاخۆشکەر بۆ ئەنجامدانی تاوانی ئەلیکترۆنیی دادەنێت.

ئەو کۆمەڵناسە، بە ئەرکی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ناوەندەکانی پەروەردەی دەزانێت، کە کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی تاکەکان بکەن لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.

لە هەرێمی کوردستان، هیچ فلتەرێک لەسەر تۆرە کۆمەڵایەتییەکان نییە، تا بەپێی تەمەنی بەکارهێنەرانی، ئەو ناونیشانە ئەلیکترۆنییانە ئاستەنگ بکات، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەکارهێنەرانی دەکەن، شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیاش بەگرنگییەوە باس لە دانانی فلتەری لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن.

مەزن ئیسماعیل، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە زانستی کۆمپیوتەر و مامۆستا لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی سلێمانی، بەپێویستی دەزانێت، کە فلتەری خێزانیی و یاسایی لە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دابنرێت و دەڵێت: گرنگە بۆ ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لەخوار ١٨ ساڵەوەیە، فلتەری خێزانیی دابنرێت، هەروەها فلتەری یاساییش هەبێت بۆ ئەو پێگە و ناونیشانەی کە بڵاوکراوەکانیان زیان بە خۆرەوشتی کۆمەڵگا دەگەیەنێت، بۆ ئەوەی بتواندرێت بەپێی بڵاوکراوەکانیان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

سەرباری ئەمەش، پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان بەشێوەیەک پەرەی سەندووە، چەندین پڕۆگرام بۆ شکاندنی فلتەرەکانی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بەرهەمهێنراون، بۆ نموونە مانگی تەمموزی ئەمساڵ بەهۆی ئاڵۆزییەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراقەوە، حکومەت بڕیاریدا بە ڕاگرتنی سەرجەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام دواتر بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەڕێگای چەند پڕۆگرامێکی تایبەتمەند بە شکاندنی فلتەرەوە، توانییان ئەو فلتەرانە بشکێنن و جارێکیتر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێننەوە.

مەزن ئیسماعیل، کە خاوەنی توێژینەوەیەکی زانستییە لەسەر بنەماکانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، ئەوە دەخاتەڕوو، کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەنجامدانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکانیش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن.

بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی گشتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، تەنها لە ساڵی ٢٠١٧-دا لە سنووری پارێزگاکە، ٦١١ حاڵەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییکردن هەبووە، لەو ژمارەیەش ٥٣٥ کەسیان ئاشکراکراون.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، ساڵی ٢٠٠٨ پەرلەمانی هەرێم یاسایەکی بەناوی یاسای ژمارە ٦ی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیی دەکرد، بەڵام یاساناسان پێیانوایە، کە تا ئێستا نەتوانراوە وەک پێویست کار بەو یاسایە بکرێت، ئەوەش بووەتە هۆکارێک بۆ هەڵکشانی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان.

بەگوێرەی یاساکە هەرکەسێک ئەگەر بەخراپی تەلەفۆنی خانەیی (مۆبایل) یان ئامێرێکی پەیوەندیکردنی تەلداریان بێ تەل،یان ئینتەرنێت یان پۆستی ئەلیکترۆنی بۆ مەبەستی هەڕەشەکردن یان تۆمەت هەڵبەستن (قژف)،یان جنێودانیان بڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بەکارهێنا، کە ترس پەیدا دەکاتیان دزەی بە گفتوگۆکردن کرد،یان وێنەی چەسپاویان جوڵاویان کورتە نامەی بڵاوکردەوە، کە لەگەڵ خۆڕەوشتی گشتییدا ناگونجێ،یان بەبێڕوخسەت و مۆڵەت وێنەی گرت،یان کاروبارێکی وا کە شەرەف بریندار بکات، یان هانی ئەنجامدانی تاوان یان کاری بەدڕەوشتییان بڵاوکردنەوەی زانیاری پەیویست بە نهێنی ژیانی تایبەتیان خێزانی بۆ تاکەکان بڵاوبکاتەوە، کە بەهەرڕێگایەک بێت چنگی کەوتبێت هەتا ئەگەرڕاستیش بن، ئەگەر بەهۆی بڵاوکردنەوەیان و دابەشکردنیان سوکایەتییان زیانیان پێ بگەیەنێت، ئەوا بۆ ماوەیەک بەند دەکرێت کەلەشەش مانگ کەمتر نەبێت و لەپێنج ساڵیش زیاتر نەبێت، وە بە غەرامەیەکیش سزا دەدرێت کە لەیەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت،یان بەیەکێک لەو دوو سزایە سزادەدرێت.

سەرگوڵ قەرەداغی، پارێزەر، پێیوایە، کە لە هەرێمی کوردستان نەتواندراوە وەک پێویست کار بە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی بکرێت، بە نموونەش دەڵێت: تاوەکو ئێستا نەتواندراوە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کۆمپانیایانە بگیرێتەبەر، کە سیمکارتی بێ ناونیشان دەفرۆشن، زۆربەی کێشەکانی ناو دادگاکانیش لەوەوە دروستبووە.

ئەو پارێزەرە جێبەجێنەکردنی ئەو یاسایەش، بۆ دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەگێڕێتەوە، دەسەڵاتیش بە ڕێگرییکردن لە کاری دادگا و یاساکان تۆمەتبار دەکات.

ش.ف