جڤاکی ئیسلامی مزگەوتەکانی قەندیل نۆژەن دەکاتەوە

جڤاکی ئیسلامی کوردستان، سەردانی بناری قەندیلی کرد و بڕیاریدا، کە ئەو مزگەوتانە نۆژەن بکەنەوە، کە لە لافاوەکەی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا زیانیان بەرکەوتبوو.


دوای ئەوەی لە ٢٦/١٠/٢٠١٨ لە ئەنجامی بارینی بارانێکی زۆر و درووستبوونی لافاو، بناری قەندیلیش یەکێك بوو لەو شوێنانەی کە زیانێکی زۆری ماددی لێکەوت، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانە شارەوانی بناری قەندیل کەمپینێکی ڕاگەیاندبوو، لە بەردەوامی ئەم هاوکاریانەدا، دوێنی جڤاکی ئیسلامی کوردستان دوای سەردانێکیان بۆ سنوورەکە،  ١٧ هەزار یۆرۆیان بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی مزگەوتە زینلێکەوتوەکان تەرخانکرد.

 

ئەم سەردانە بە نوێنەرایەتی سەرۆکی جڤاکی ئیسلامی کوردستان حافیز ئەحمەد تورهالی و هاوکاری سەرۆکی  جڤاکی ئیسلامی کوردستان هاروون سەڤەر بۆ بناری قەندیل ڕێکخرابوو، تێیدا سەردانی شوێنی زیانلێکەوتنەکانی لافاوەکەی ساڵی ڕابردوو کراو هەروەها لە بەردەوامی سەردانەکەیاندا چوون بۆ بینینی هاوسەرۆکانی شارەوانی بناری قەندیل و ئەندامانی مەجلیسی شارەوانی و گەلی بناری قەندیل.

سەرەتا محەمەد حەسەن هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل، لەگەڵ شاندەکەدا چوونە سەردانی گوندی ماونان لە دۆڵی باڵەیان و لە زیانەکانی پاشماوەی لافاوەکەیان کۆڵییەوە، لە شوێنی زیانەکان محەمەد حەسەن باسی تەواوی زیانەکانی کرد، کە لە هاوڵاتیان و کەرتی گشتی کەوتووە.

دواتر حافیز ئەحمەد سەرۆکی جڤاکی ئیسلامی کوردستان لە شوێنی ڕووداوەکەوە وتی: ئەوەی کە ڕووی داوە زیانێکی زۆرە، خۆشحاڵی لەمەدایە کە زیانی گیانی نەبووە، لێرە براکانمان کە هاو نەتەوە و هاو ئاینمانن پێویستیان بە هاوکاریمانە و دەبێت ئێمەش وەك ئەرکێکی سەر شەنمان هاوکاریانبکەین و یارمەتیدەریان ببین.

لە بەردەوامی سەردانەکەیاندا، بە ئامدەبوونی کەسیاتییە ئاینیەکانی ناوچەکە و هاوڵاتیانی بناری قەندیل و هاوسەرۆکانی شارەوانی بناری قەندیل، بڕی ١٧ هەزار یۆرۆ ڕادەستی هاوسەرۆکایەتی شارەوانی کرا، لەبەرامبەردا محەمەد حەسەن سوپاس و پێزانینی تەواوی گەلی قەندیلی بە شاندەکە ڕاگەیاند و وتیشی: سوپاسی گەلەکەمان لە ئەوروپا و تەواوی ئەو کەسانەی هاوکار بوونە دەکەین.

هەروەها حافیز ئەحمەد: وتی: ئێمە لێرە ئەرکی نیشتمانی و ئاینی پێکدێنین، ویستمان لە چەندین مزگەوتی ئەروپاوە ئەم هاوکارییە بۆ ئێرە کۆبکەینەوە، دەبێت کە ئێستا بڕە پارەکە کەمبێت بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین جارێکی دیکەش هاوکاری کۆبکەینەوە و پێشکەشی گەلەکەمانی بکەین.

لەسەر ناوی گەلی بناری قەندیلیش مامۆستایەکی ئاینیی قسەیکرد و وتی: هەر کەسێک کە هاوکاری بکات و خێربکات ئەوە لەلای خوای گەورەوە دەبەخشرێت، جا ئەم هاوکاریە چ بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی مزگەوتێک بێت یان هەر شتێکیتر، ئەمڕۆ جڤاکی ئیسلامی کوردستان لە ئەوروپاوە هاتوون و هاوکاری دەکەن، ئێمە سوپاسیان دەکەین.