جڤاکی ئیسلامی هاوکاری ڕۆژهەڵات دەکات

جڤاکی ئیسلامی کوردستان کەمپینێکی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی لافاوەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهێنا، کە بەهۆی بارانبارینی زۆر و لافاوەوە، دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە و زیانێکی زۆری ماددیش بەر هاوڵاتیان کەوتووە.


جڤاکی ئیسلامی کوردستان، لە بارەی  بارانبارین زۆر و لافاوی چەند ڕۆژی ڕابردووی  ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کە زیانێکی زۆری گیانیی و ماددیی  لێکەوتوەتەوە، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا وێڕای پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان لەدەستداوە و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، کە بۆ لێقەوماوان و ئەوانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە، کەمپێنیکی کۆکردنەوەی هاوکارییان دەستپێکردووە .

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، وەک ئاگادارن و لە ڕاگەیاندنەکاندا باس دەکرێت، ئەوەی بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا هاتووە، کارەساتێکی زۆر بە ئازار و کاریگەرە، بە دەیان مرۆڤ گیانیان لەدەستداوە، زەرەر و زیانێکی زۆریش بەر خەڵکی ناوچەکە کەوتووە، خانوو ڕوخاون، ڕێگا خراپبوون، کێشەی کەمی خۆراکیش دروستبووە، بەو هۆیەشەوە ئەوانەی لەو ناوچەیەدان ڕووبەڕووی ژیانێکی سەخت بوونەتەوە.

هەربۆیە ئێمە وەک کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان، بانگەوازی ئەوە دەکەین، کە وەرن پێکەوە دەستی هاوکاری بۆ ئەو کەسانەی پێویستیان بە هاریکارییە درێژ بکەین، خوداش فەرمویەتی: باوەڕداران و ئەو کەسانەی، کە لەسەر ڕێگای ڕاستن هاوکاری یەکتری دەکەن.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "باوەڕدارانی بەڕێز هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی پێویستیان بە یارمەتییە، فەرمانی خوا و پێغەمبەری ئێمەیە، وەرن پێکەوە هاوکاری ئەو کەسانە بکەین کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی کارەسات  بوونەتەوە".

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەی کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان، داوا لەو کەسانە کراوە، کە دەیانەوێت بەشدار و هاوکاری کەمپینەکە بکەن لە ڕێگەی ئەو ژمارەی تەلەفۆن و ئەو ژماری بانکییەی خوارەوە هاوکارییەکانیان بگەیەنن:
ژمارە تەلەفۆن: 00491638445873
ئەژماری بانکیی: Sparkasse Dortmund DE 85440501990131023383


ک.س