جەژنی 'خاوەنکار'ی یارسانییەکانە

شوێنکەوتوانی ئائینی یاری  کە 'یارسانییەکان، یاخود کاکەییان' پێدەوترێت، ساڵانە بە ڕێوڕەسمی جەماوەری یەکەم ڕۆژی جەژنی خاوەنکار پیرۆزدەکەن.


جەژنی "یارسان"ـەکان یەکێکە له ئایینه کۆنەکانی کوردان و به ناوی "خاوەنکار" دەناسرێت، لەلایەن باوەڕمەندانی ئەو ئاینەوە بەرز ڕادەگێرێت، ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی ئەو جەژنەیە و ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت و ڕۆژی چوارەمی بە ڕێوڕەسمی تایبەت کۆتایی پێدەهێنن.

یارسانەکان لەم جەژنەدا بە گرتنی ڕۆژو و خێرکردن 'نەزر' یادی 'سۆڵتان سەحاک' و یارانی وەک پێشەنگی دینی خۆیان بەرز ڕادەگرن.

جەژنی خاوەنکار جەژنی بەرخۆدان و ڕزگارییە، ئەویش دوای بەرخۆدانی سۆڵتان سەحاک "سەید ئیسحاقی بەرزنجی" و یارانی له بەرانبەر دووژمنان ماوەتەوە.

بە باوەڕێک کە هەتا ئێستاش له ناو یارسانەکان ماوەتەوە و لە کتێبه پیرۆزەکانیاندا هاتووه، سولتان سەحاک هاوڕێ له گەڵ سێ کەس له یارانی به ناوەکانی 'داود، بنیامین و پیرمووسی' که به 'یەری تەن' ـ(سێ تەن) ناودارن، لە سەر دووژمنایەتی زڕبراکانی و عەشیرەتێک بە ناوی 'چیچەک' بڕیاری دەرچوون له شارەزوور و ڕۆیشتن بۆ هەورامان دەدەن، له ناو ڕێگادا به هۆی ئەوەی عەشیرەتی چیچەک به نیازی کوشتنی سۆڵتان سەحاک و یارەکانی ئەون، ناچار پەنا دەبەنه ئەشکەوتێک به ناوی 'مەڕنوو' له شاخەکانی شاهۆ.

به باوەڕی یارسانەکان، یەکێک له یارەکانی سوڵتان به ناوی 'داود' بستێک خاک له ژێر فەرشەکەی سۆڵتان هەڵدەگرێت و دەیهاوێتە سەر سوپای چیچەک و ئەو بستە خاکە دەبێتە هۆی تەپوتۆز و ئاسمان تاریک دەکات و کەس لەو سوپایە نامینێت.

له سەر هەمان باوەڕ، دوای سێ رۆژ برسیەتی سوڵتان و یارانی، ژنێک به ناوی 'ڕەمزبار' به کەڵەشێرێک و یەک مەن- کە دەکاتە سێ کیلۆ برنج خواردنێک ساز دەکات پێشکەشی سوڵتان و یارانی دەکات.

له دەفتەری پردیوەری "دیوانه گەورە" سوڵتان فەرمانی داوەتە یارانی له " ١٢ی مانگی سفیدی" 'چلەی زستانی کوردی' سێ رۆژ 'ڕۆژووی مەڕنوو' بگیرێت و ڕۆژی ١٥، ڕۆژی پاتەشاهی و جەژنه پیرۆزەی یارسانە و ئەم سێ رۆژەی ڕۆژووه وەک وەفایەک بۆ یادی "یەری تەن" دەکرێت.

هاوکات بوونی ئەم ڕۆژانه لەگەڵ وەرزی گەیشتنی هەنار، بووەتە هۆی کەڵک وەرگرتنی یارسانەکان لەم میوەیە و پیرۆزبوونی لای ئەوان و له ڕێوڕەسمی ئایینی دۆعای له سەر دەکرێت و وەک "نەزر" بە ناو خەڵکدا بڵاو دەکرێتەوە.

شەوی دواییش به قوربانیکردنی کەڵەشێرێک و پێکهێنانی "جەم" و خوێندنی "کەڵام" و ژەندنی "تەنبوور" ڕێوڕەسمی ڕۆژووگرتن کوتایی پێدێت.

زۆربەی باوەڕمەندانی یارسان له ڕۆژانی جەژن دەچنه گوندی "تۊشامی" بۆ زیارەتی تەکیەی "ئا سەی براکه"،ی حەیدەری و ڕێبەری ئایینیان دەبینن و پیرۆزبایی ئەو جەژنە لە یەکتر دەکەن.

پیری یارسان لەم رۆژەدا دۆعا لە سەر خواردنی تایبەتی ئەم ڕۆژە کە پێ دەوترێت "نەواڵه"، دەخوێنیت و بە سەر ئامادەبووان بڵاو دەکرێتەوە، یارسانەکانیش بە هێنانی هەنار و بڵاوکردنەوەی و ژەنینی "تەمبوور" و خوێندنی سروودە ئایینیەکان ئەم جەژنه بەرز ڕادەگرن.

س.ح