"حکومەت کۆمەڵگا بەلاڕێدا دەبات"

ئامارێکی بەرزی حاڵەتەکانی دزییکردن لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە، کە هەندێکیان بەهۆی خراپیی باری ئابوورییەوە ئەو تاوانەیان ئەنجامداوە، توێژەرێکیش حکومەت بە بەرپرسیار لە بەلاڕێداچوونی کۆمەڵگا دەزانێت. 


بەپێی ئاماری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، کە تایبەت بە ڕۆژنیوز دراوە، لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٢٥٨ سکاڵا لە بەرامبەر دزییلێکردنیان تۆمار کراوە، کە ١٩٨کەس لەوانە دەستگیرکراون، کە تەمەنیان لەنێوان ١٨-٥٠ساڵیدایە.

هەر بەگوێرەی ئامارەکە، ئەو کەلوپەلانەی دزراون، ماتۆڕسکیل، ئۆتۆمۆبیل و مۆبایل و جلوبەرگی گرانبەهای ژنان.

دەستگیرکراوەکان، تەنیا خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانی نین، بەڵکو خەڵکی بیانیی دانیشتووی سنورەکەشی تیدایە، بەنمونە عەرەب، تورک، ئێرانی.

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پارێزگای بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە تاوانبارەکان لەکاتی دانپێداناندا پەشیمانیی دەردەبڕن.

وتیشی:"هەندێکیان بە هۆی خراپی ئابورییەوە پەنا بۆ دزی دەبەن و بەشێکی دیکەشیان باندن و پەنادەبەنە بەر ئەو شتانەی کە زوو دەفرۆشرێت".

هەدیە عەلی، توێژەری کۆمەڵایەتی، پێیوایە، کە حکومەت بەرپرسیارە لە بەلاڕێدابردنی کۆمەڵگا، بۆ ڕۆژنیوز وتیشی: گەندەڵیی بە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتدا بڵاوبووەتەوە و حکومەت تاکی تووشی بێکاریی داڕووخان کردووە.

هەدیە، پێیوایە، کە گەنجان پەرتەوازەبوون، چۆنکە بێکارن و بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانیان جەندین کاتژمێر لە کافتریاکاندا دادەنیشن و ئالودە دەبن بە دیای ئەلکترۆنیی، دواجار وەک مرۆڤیکی ئاسایی نامێنن و پەنا بۆ کاری خراپ دەبەن. 

 ئەو توێژەرە، بە ئەرکی سەرشانی خێزان، مامۆستا و توێژەر و ناوەندە جیاوازەکانی پەروەردەی دەزانێت، کە کاربکەن بۆ بنیادنانەوەی کۆمەڵگا، هەروەها حکومەت پاڵپشتی ئەو کەسانە بکات کە خوازیاری گۆڕانکاریی و هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگان.

ش.ف