خانەی بەساڵاچووان لانەی ئارام یان نیشانەی دڵڕەقی کۆمەڵگایە؟

خانەی بەساڵا چووان بووەتە ماڵێک بۆ ئەو بەساڵا چووانەی هیچ لانەو پەنایەکیان نییە، هەندێک لەو بەساڵاچووانەی لەو خانەیە دەمێننەوە، دەڵێن، کە ئەوێ بۆ ئەوان بەهەشتێکی بچوکە، هەریەک لەو بەساڵاچووانە هەڵگری چیرۆکێکی تراژیدین، کاتێک گوێ لە چیرۆکەکانیان دەگریت نازانیت ئەم خانەیە لانەیەکی ئارامە، یان نیشانەیەکی دڵڕەقی کۆمەڵگایە؟


خانەی بەساڵاچووان دەکەوێتە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی، سەرەتا لەساڵی ١٩٧٩ دامەزراوە و دواتر گوازراوەتەوە بۆ شاری هەولێر، هەروەها لەدوای ئەوەی ساڵی ٢٠٠٤ جارێکی دیکە لەسلێمانی دەکرێتەوە بە فەرمی دەخرێتە سەر بەڕێوبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی.

لەباشوری کوردستان، نەریت وایە، کە ڕێز لە بەساڵاچووان دەگیرێت و لەنێو ماڵەکاندا، لەلایەن منداڵەکانیانەوە یان کەسە نزیکەکانیانەوە بەخێودەکرێن، نەبووەتە نەریت بەساڵاچووان ببرێنە خانە یان جێگەیەکی تایبەت بە ساڵاچووان و دوور لەخێزانەکانیان بژین، تەنانەت وەک نەنگییەکی گەورە سەیردەکرێت گەر خێزاێک بەساڵاچوویەک بباتە خانەی بەساڵاچووان.

لەگەڵ ئەوەی خێزانەکان گرنگی بە ساڵاچووەکانیان دەدەن، بەڵام هەندێک جار ڕوودەدات خێزانێک بڕیاردەدەن بەساڵاچوویەکی نێو خێزانەکەیان پەنانەدەن و بیبەنە خانەی بەساڵاچووان، یاخود هەندێک بەساڵاچوو هەن کە هیچ کەسێکیان نییە و ناچارن ڕوو لە خانەی بەساڵاچووان بکەن، خانەی بەساڵاچووانی سلێمانیش یەکێکە لەو خانانەی کە بووەتە لانەیەکی ئارام بۆ ئەو کەسانە.  

ئەو بەساڵاچووانەی ڕوو لەخانەی بەساڵاچووان دەکەن، دەبێت چەند مەرجێکیان تێدابێت بۆ ئەوەی لەم خانەیە داڵدەبدرێن، مەرجەکانیش بریتییە لەوەی کە ئەگەر ژن بێت پێوستە تەمەنی لە ٥٥ ساڵ کەمتر نەبێت و ئەگەر پیاوبێت تەمەنی لە ٦٠ ساڵ کەمتر نەبێت، پێویستە هاوڵاتیی عێراق بێت، پێویستە تەندروستی زۆر خراپ نەبێت، هەروەها هۆکارێکی دروستی هەبێت بۆ مانەوەی لە خانەکە.

لەساڵی ٢٠١٤ بۆ ساڵی ٢٠١٨، ٢٨٠ بەساڵاچوو سەردانی خانەی بەساڵاچووانی سلێمانیان کردووە بۆ ئەوەی تێیدا بمێننەوە، لەوانە ١٠٨ بەساڵاچوویان وەرگیراون و داواکاریی ١٧٢ کەسیان ڕەتکراوەتەوە لەبەر ئەوەی مەرجەکانی وەرگرتنیان تێدا نەبووە، لە ساڵی ٢٠٠٤وە کە خانەی بەساڵاچووان کراوەتەوە ٤٧ بەساڵاچوو لەنێو خانەکەدا کۆچی دوایان کردووەتەوە و ٨٠ بەساڵاچوو گەڕاونەتەوە بۆ ناو خێزانەکانیان، لەئێستاشدا ٣٥ بەساڵاچوو لەناو خانەکەدا دەژین.

 

ژیان لەنێو خانەکەدا

ڕۆژانە بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەکان لەلایەن ستافێک لە کارمەندانی خانەکەوە خواردن بۆ بەساڵاچووەکان ئامادەدەکرێت، هەروەها گرنگی بە پاک ڕاگرتنیان دەدرێت، ئەو بەساڵاچووەی توانای ئەوەی نەبێت خاوێنی خۆی ڕابگرێت، لەلایەن کارمەندانی خانەکەوە دەشۆریت و خاوێن دەکرێتەوە.

بەساڵا چووەکان، کاتەکانیان بە سەیرکردنی فیلم و گفتوگۆکردن و لەگەڵ یەکدا بەسەر دەبەن، لەنێو باخچەی خانەکەدا لەدەوری یەک کۆدەبنەوە و بیرەوەریەکانیان بۆ یەک دەگێڕنەوە، هەندێک جار پیاسەدەکەن و هەندێک جار دەخوێننەوە.

لەخانەی بەساڵاچوواندا چیرۆکی جۆراو جۆر هەیە، هەریەک لەو بەساڵاچووانەی لەوێ دەمێننەوە، هەڵگری داستانێکی تایبەت بەخۆیان، هاندێکیان لە خەمێکی قوڵدا دەژین و هەندێکیشیان ئەزمونی تەمەنێکی داوە بەکۆڵیدا و دەیەوێت یەکێک بەرامبەری دانیشێت و بۆی گێڕێتەوە.

(ج،م) پاوێکی تەمەن ٧٤ ساڵە، یەکێکە لەو بەساڵاچووانەی کە ماوەی ١٢ ساڵە لەخانەی بەساڵاچووانی سلێمانی دەژی، پێش هاتنی بۆ خانەی بەساڵاچووان مامۆستابووە لەیەکێک لە خوێندنگاکانی سلێمانی، لەبەر ئەوەی هاوسەرگیریی نەکردووە، داوای ئەوەی خانەنشین دەبێت هیچ شوێنێک نابێت لێێ بمێنێتەوە و ڕوو لە خانەی بەساڵاچووان دەکات، ئەو ئەوێ بە لانەیەکی ئارام بۆ خۆی دەزانێت و دەڵێت: شوێنەکەمان هێمنە و زۆر ئاسودەم لێرە، ڕێزی یەکتر دەگرین و پێکەوە دەژین، کارمەندەکانیش هەوڵ دەدەن ژیانمان خۆش بێت، ئیرە وەک بەهەشتێكی بچوک وایە بۆ من.

 یەکێکی دیکە لە بەساڵاچووەکانی ناوخانەکە ژنێکە بە ناوی( پ،ک) ماوە سێ ساڵە لەوێ ژیان دەگوزەرێنیت، تەمەنی ٥٩ ساڵە، منداڵی هەیە، بەڵام نایەوت لەلای ئەوان بژی، بە حەسرەتەوە دەڵێت: لێرە بژێم بۆ من باشترە، کوڕ و کچێکیشم هەیە، بەڵام ئەگەرلای ئەوان بمێنمەوە، کێشەیەک یان دەمەقاڵێیەکیان هەبێت بەسەر مندا ئەشکێتەوە، هەر بۆیە ناگەڕێمەوە بۆ لایان ئێرە بۆ من گونجاوە، جار جارەش سەردانم دەکەن و ژنی کوڕەکەشم جارێک هاتووە،  دەیانەوێت بمبەنەوە بەڵام من خۆم باشتر ئەزانم ئیرە گونجاو ترە بۆ من.

یەکێکی دیکە لەو بەساڵاچووانەی کە دواندمان، پیاوێک بوو، کە تەمەنی هەڵکشاوتر دیاربوو لەوانی دیکە، ئەم پیاوە هاوسەرگیریی نەکردووە، کەسەنزیکەکانی بەخێوی ناکەن و برازایەکی هێناویەتی بۆ ئەم خانەیە، کاتێک قسەی بۆ ئێمە دەکرد دەستەکانی دەلەرزیی و دەیوت: لەوکاتەوەی دایکم مردووە من خێر و خۆشێم لە برا و خوشک و باوک و خۆشم نەبینی.

کێشەکانی خانەی بەساڵاچووان

بەپێی ئەو زانیایانەی فەرەیدون عەزیز، توێژەر لە خانەکە، بە ڕۆژنیوزی داوە، یەکێک لە کێشەکانی خانەی بەساڵاچووان ئەوەیە، کە کارمەندی پێویستی نییە، بۆیە ئەو کەسانەی لێرە دەوامدەکەن ناچارن ڕۆژانە زیاتر لە ١٠ کاتژمێر دەوام بکەن، بۆیە زۆرینەی ئەو کارمەندانەی دێنە خانەکە زۆر نامێننەوە و هەوڵی گواستنەوە دەدەن.

یەکێکی دیکە لە کێشەکانی ئەم خانەیە ئەوەیە، کە پزیشکی تایبەت بەخۆی نییە، هەرچەند بەرپرسانی خانەکە دەڵێن، کە چەندین جار داوایان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە پزیشکیان بۆ بنێرێت، بەڵام ئەوان پزیشکی پسۆپڕ نانێرن بۆیان، ئەو پزیشکانە دەنێرن کە تازە کۆلێژی پزیشکییان تەواو کردووە و هێشتا لە ڕاهێناندان.

هەرچەند لەبەر پاراستنی ژیانی تایبەتی بەساڵاچووەکان ڕێگا نەدەدرا وەک پێویست کار بکەین لەنێو خانەکەدا و وەڵامی هەندێک لە پرسیارەکانمان نەدەدرایەوە، بەڵام بەشیوەی ڕوخساری بەساڵاچووەکاندا دەردەکەوت کە هەم ئاسودەن بۆ ئەوەی لانەیەکیان هەیە، کە لە سەرمای زستان و گەرمی هاوین دەیانپارێزیت، هەم نیگەرانن لەوەی لەلایەن خێزانەکانیانەوە پەراوێز خراون، بە نیگاکانیان داوای ناز و پێدانی خۆشەویستییان لە هەمووان دەکرد و دەیانویست وەک پەراوێز خراوێک تەماشایان نەکرێت.

د.ع