خاوەن پێداویستییەكی تایبەت: لە بەرامبەر سەختییەکانی ژیاندا كۆڵ مەدەن

خاوەن پێداویستییەکی تایبەت لە شارۆچكەی ڕواندوز، ١٥ ساڵە بە پینەچێتی بژێوی خێزانەکەی دابین دەكات و دەڵێت: لە هەرێم هیچ بایەخێك بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت دانانرێت، داواش دەکات لە كابینەی داهاتووی حکومەت گرنگی بە باشتركردنی ژیانی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان بدرێت، کەسیش لە بەرامبەر سەختییەکانی ژیاندا كۆڵ نەدات.


سەنعان مەجید، تەمەن ٤٠ ساڵ و دانیشتووی شارۆچكەی ڕواندوزی سەر بەپارێزگای هەولێرە، بەهۆی سستبوونی قاچەكانیەوە خاوەن پێداویستی تایبەتە و توانای ڕۆیشتنی نییە، بەڵام وەك هەرمرۆڤێكی ئاسایی ژیانی خێزانداری پێكهێناوە و بە ئیرادە و بڕوا بەخۆبوونەوە توانیویەتی زاڵبێت بەسەر ئاستەنگەكانی ژیان و خۆی و هاوسەرەکەی بە کاری پینە چێتی و بەرگدروویی بژێوییان دابین دەکەن.  

سەنعان خاوەنی دوو منداڵە، هەموو ڕۆژێک لە كاتژمێر٨ی بەیانیەوە دەڕواتە سەركارەكەی، نیوەڕۆیانیش هەر لە دووكانەكەی دەمێنێتەوە و لەجیاتی نان میوە دەخوات و تا دەرەنگانی ئێوارەش ناگەڕێتەوە ماڵەوە.

بەهۆی ئەوەی لە شارۆچكەی ڕەواندوز، تەنها سەنعان دوكانی پینەچیەتی هەیە و ماوەی ١٥ ساڵە لە ڕێگای ڕێكخراوێكەوە كەرەستە و دەزگای دوورینەوەی بۆ دابینكراوە، تا ئێستا لەسەر كارەكەی بەردەوامە و ئەمەش وایكردووە خەڵكی ڕەواندوز و گوندەكانیش سەردانی بكەن بۆ چاكکردنەوەی پێڵاو، جانتا و دوورینی پەردە و بەم پیشەیەش تا ڕادەیەك بژێوی ژیانی دابین كردووە.

وەك خۆی باسی دەکات بەهۆی كرێی دووكانەكەیەوە  دەبێت زۆرترین كات كاربكات و لەوەرزی زستانیشدا بازاڕی باشترە، "بەهۆی ئەوەی خەڵك زیاتر پێویستی بە چاككردنەوەی پیڵاوی زستانە هەیە، بەڵام هاوینانیش بێكارنیم و هەوڵدەدەم کڕیارەکان لەخۆم ڕازی بكەم و ئیشەكانیان بەجوانی جێبەجێ بکە".

ئەگەرچی سەنعان تا ئێستا خانووی خۆی نیە، بەڵام لە خانووی باوكی نیشتەجێیە ئەمەش ئەركی ئاسانتر كردووە و لە بارەی هاوسەرەکەشییەوە دەڵێت: "خێزانەكەم خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام وەك من حەزی لە كاركردن هەیە و لەماڵەوە كاری دوورمانی جلی ژنان و منداڵان دەكات و نایەوێت بێكار بێت و حەزدەكات خاوەن كاری خۆی بێت".

سەنعان، نیگەرانی خۆی لە دۆخی خاوەن پێداویستیە تایبەتییەكان لە هەرێمی كوردستان خستەڕوو كە بڕی مووچەكەیان زۆر كەمە و داوای كرد حكومەت لە كابینەی داهاتوودا گرنگی بدات بە باشتركردنی ژیان و گوزەرانی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان و بەتایبەت لە ڕووی دابینكردنی شوێنی نیشتە جێ بوون و چاودێری تەندروستی و چاوخشاندنەوە بە مووچەكانیان.

لەكۆتاییدا سەنعان داوای لە هەموو خاوەن پێداویستیەكان كرد كە پشت بەخۆیان ببەستن و هەوڵبدەن خاوەن كاری خۆیان بن و لە بەرامبەر سەختییەکانی ژیاندا كۆڵ نەدەن.

ک.س