خاوەن پێداویستییەکی تایبەت بە تواناکانی هاوڵاتیان سەرسام دەکات

لە هەڵەبجە خاوەن پێداویستییەکی تایبەت بە تواناکانی خەڵکی سەرسام کردووە و لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە، خۆی فێری چەند زمانێک و چەندین پرۆگرامی کۆمپیوتەر کردووە، تائێستاش چەند پێشانگایەکی شێوەکاریی و خولێکی کردوەتەوە، بەهرەو تواناکانیشی لە بوارە جیاکاندا خزمەتێکی زۆری شارەکەی کردووە.


وەک هەر کەسێکی ئاسایی ئەو کەسانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن ئەگەر بیانەوێت دەتوانن بەهرەو توانا شاراوەکانیان ئاشکرا بکەن و لەو ڕێگەیەوە خزمەتی گەورە بە کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی بکەن، لهۆن، یەکێک لە گەنجە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی شاری هەڵەبجەیە و بە بەهرەو تواناکانی توانیویەتی خزمەتی زۆر بە شارەکەی بکات، ڕۆژنیوز بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی چیرۆكی سەركەوتنەكانی ژیانی ئەو بەهرەمەندە کردووە.

لهۆن فەریق، ڕێژەی كەمئەندامییەکەی١٠٠٪ ، هەردوو قاچی لە زکماکییەوە گرفتی هەیە و ناتوانێت وەک کەسی ئاسایی ڕێبکات، بەڵکو لەسەر کورسیی کەمئەندامیی هاتووچۆ دەکات، بەڵام کەمبوونی ئەندامی جەستە کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی تواناکانی نەکردووە و یەکێکە لە کەسە هەرە دیارەکان لە ئاستی شارەکەی، کە شارەزایی باشیی لە بواری تەکنیکدا هەیە شارەزایی تەواویی هەیە لەزیاتر لە٢٠ بەرنامەی كۆمپیوتەردا،وەك فۆڕمات، پاتەیشن،ئەدۆب فۆتۆشۆپ،بەرنامەكانی ئۆفیس،سینەما فۆردی و چەندین بەرنامەی دیكە.

لهۆن، لە ماڵەوە زۆربەی كاتەكانی بەفێربوون و پەرەپێدانی پرۆگرامەكانی كۆمپیوتەر لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی یوتووبەوە بەسەر دەبات، هەرچەندە خۆشی فەرمانبەرە لەیەكێك لە خوێندنگاکانی هەڵەبجەدا، بەڵام لەوێش ئەو كارانەی پێی سپێردراوە، كاری كۆمپیوتەریین وەك نوسین، چاكکردنی كۆمپیتەر و لەژوورەكەی خۆیدا جێبەجێیان دەكات، جگە لەوەش بەهۆی زیرەكیی و لێهاتوییەوە هەرکەسێک بەخوێندەوار و نەخوێندەوارو گەنجەوە، ڕۆژانە ڕوو لە لای لهۆن دەکەن بۆ پرۆگرامسازیی كۆمپیوتەر، یان چاكکردنی بەرنامە و كۆمپیوتەرەكانیان و بەبێ بەرامبەر خزمەت بە هاوڵاتیان دەکات.

لهۆن، لە بارەی ژیان و کارەکانییەوە وتی: بەهۆی ئەوەی بەردەوام لەماڵدام لەڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی یوتووبەوە فێری تەواوی بەرنامەكانی كۆمپیوتەر،هەروەها زمانی فارسی،عەرەبی ئینگلیزی بووم، ئەوەش وایكردوە خول بۆ گەنجان و خوێندكارانی هەڵەبجە بكەمەوە، هەروەها ئەگەر بشگونجێت، خولی زمان و وێنەكێشانیش دەكەمەوە بۆ ئەو كەسانەی ئارەزوومەندن.

وتیشی: هێزی مرۆڤەكان لەهەموو شتێك زیاترە بیانویەك نیە تەنها دانیشین، ئێستا تەكنەلۆژیا هەموو شتەكانی هێناوەتە ماڵەكانمانەوە، دەتوانین ئەو هەلە بقۆزینەوە بۆئەوەی پەرە بەخۆمانبدەین و بەرەو پێش بچین.

ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتە دەستێكی ڕەنگینیشی هەیە لەكاری وێنە كێشاندا ولەساڵی٢٠٠٢وە بەشداریی لە٣٠ پێشانگای شێوەکاریی کردووە، کە بەشێکیان تایبەت هی خۆیبوون، ٨ خەڵاتی ڕێزڵێنانیشی وەرگرتووە، بەرنامەشی داناوە بۆ ئەوەی بەشداریی بكات لەپێشانگاكانی تەكنەلۆژیا كە لە هەرێمی كوردستاندا دەكرێنەوەو وتی:"هەرچەندە تاقۆناغی سێی ناوەندیم خوێندووە، بەڵام لەسەرەتای چوونم بۆ خوێندنگا خولیام بۆ وێنەكێشان و كاری هونەری زیاتر بووە تاكو بابەتە زانستییەكان".

سەبارەت بەو گرفتانەی دێتە ڕێگەی لهۆن وتی: ئەو گرفتانەی ڕۆژانە دێتە ڕێگەم ئەوەیە، خۆم ناتوانم بەتەنها سواری عارەبانەكەم ببم، بەردەوام دایكم و باوكم دەمخنە سەرعارەبانەكە هەرڕۆژێك ئەوان لەماڵ نەبن ناتوانم بچمە دەرەوە،هەروەها ماڵمان لە بازاڕەوە دوو كیلۆمەتر دوورە، ئەوەش گرفتێكی دیكەمە بائاسانی ناتوانم بگەمە بازاڕ، ئەو گرفتانەش وایانكردووە لە كارەكانم سارد ببمەوە.

لە ماڵی سیاچەمانە پرۆژەیەك بۆ پەرەپێدان و تواناسازیی بۆ گەنجانی هەڵەبجە كردووەتەوە لهۆن فەریق بەڕێوەی دەبات.

سوبحان فەیروز، بەرپرسی ماڵی كلتوری سیاچەمانە، ئاماژەی بە گرنگیی تواناکانی لهۆن کرد و وتیشی "بەنووسراو لەمانگی٥ی ئەمساڵەوە لەڕێگەی ڕ ێكخراوەكەمانەوە دوو جار داوامان لەوەزیریی كاروباری كۆمەڵایەتی كردوە پێداویستیەكانی لهۆن پڕبكەنەوە، بەڵام تائێستا وەڵام نەدراوینەتەوە".

هەروەها باخان عەبدولڕەحمان، فێرخوازی كۆمپیتەر و بەشدار لەو خولانەی لهۆن، دەیکاتەوە بەڕۆژنیوزی وت:ماوەی٢٠ڕۆژە بەشدارم لەخولەكانی مامۆستا لهۆندا، خولەکانمان بۆفێربوونی پرۆگرامەكانی كۆمپیتەر، ئەدۆب فۆتۆشۆپ، پرایمەر،بەرنامەكانی ئۆفیس، ئافتەر ئیفێكت بووە و سودێکی باشمان لیبینیوە.

ک.س