"خۆتان بەدوور بگرن لە کڕینی ئەو بەرهەمە تەندروستیانەی بە ئۆنلاین دەفرۆشرێن"

کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان، چەند بەرهەمێکی ساختەی قەڵەوبوون لەبازاڕەکاندا ئاشکرادەکات کە ماددەی هۆرمۆنیان تێدایە و دەبنەهۆی چەندین نەخۆشی، داواش لە هاوڵاتیان دەکات خۆیان بەدوور بگرن لە کڕینی ئەو بەرهەمانەی بە ئۆنلاین دەفرۆشرێن.


لە ڕاگەیەنراوێکدا دامەزراوەی کۆنترۆڵی جۆری دەرمان سەر بەوەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم ئاشکرایکردووە، ئەو بەرهەمانەی بۆ چارەسەرکردنی کەمی کێش و لاوازی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕیکلامیان بۆ دەکرێت، ماددەی زیانبەخشی کۆرتیکۆستیڕۆید و هۆڕمۆنیان تێدایە، بۆ مەبەستی قەڵەوکردن و بە ئۆنلاین بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێن.

دامەزراوەکە دەڵێت، چەند بەرهەمێکی ساختە کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڕیکلامیان بۆ دەکرێت و لەڕێی ئۆنلاین دەفرۆشرێن، لەلایەن تیمی بەشی بازگەکانی دامەزراوەی کۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان لە بازگەی شێراوە دەستیان بەسەرداگیراوە.

هاوڵاتیانیش ئاگادار دەکاتەوە کە خۆیان بەدووربگرن لە کڕینی ئەو بەرهەمە دەرمانسازیانەی کە بە ئۆنلاین لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە دەفرۆشرێن.

لەڕووی زانستییەوە کۆرتیکۆستیڕۆیدەکان بۆ نەخۆشییەکانی پەیوەست بە ھەوکردن و هەستەوەری بەکاردەھێنرێن، دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکیش (FDA) تەنھا بۆ ئەو مەبەستە پشتگیری لە بەکارھێنانیان دەکات.

کۆرتیکۆستیڕۆیدەکان ئاو و چەوری لە ھەندێک شوێنی جەستە وەک ڕان، پەلەکان و ڕووخسار کۆدەکەنەوە، ئەمەش بەرەنجامی زیانەکانیانە، لە دەرمانزانیدا پێی دەوترێت کاریگەریی لاوەکی.

دامەزراوەی کۆنترۆڵی جۆر دەرمان ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو جۆرە بەرهەمانە زیانی زۆریان بۆ تەندروستی بەکارھێنەر هەیە، چونکە دەبنەھۆی بەرزە پەستانی خوێن، کۆنیشانەی کوشینگ، نەخۆشییەکانی دڵ، نەخۆشییەکانی گەدە و ڕیخۆڵەکان، هەوکردنی پەنکریاس، سستیی گورچیلەکان، تێکدانی هاوسەنگیی هۆڕمۆنەکان، کپکردنی فرمانی مۆخی ئێسک و بەرگریی لەش، گلوکۆما، نەخۆشیی شەکرە، پووکانەوەی ئێسکەکان، ئاوسانی پەلەکان و رووخسار، نەخۆشیی پەرکەم و نەخۆشییە دەروونییەکان.

ک.س