خەڵک بایکۆتی دەکات و لە هەولێر پێشانگای تورکی دەکرێتەوە!

لە كاتێكدا بەشێكی زۆری هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بایكۆتی هەموو كاڵاو شتومەکێکی تورکییان کردووە، بەڵام بە هاوکاری حکومەتی هەرێم و بەبەشداری چەندین کۆمپانیای دەوڵەتی تورک، پێشانگایەک بۆ کەرەستەکانی دەوڵەتی تورک کرایەوە.


هەرچەندە هاوڵاتیانی باشوری کوردستان بەبەردەوامیی داوای بوژاندنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی دەکەن، بەڵام ئەمڕۆ بەهاوکاری بەرپرسانی حکومەتی هەرێم و بەشداربوونی وەزیری بازرگانی هەرێم، کونسوڵی دەوڵەتی تورک لە هەرێم، پارێزگاری هەولێر،٢١ـەمین پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ بەرووبووم و ئامێرەكانی كشتوكاڵی توركیا و چەند وڵاتێکی دیکە کرایەوە.

لە پێشانگاکەدا زۆرترین کۆمپانیای بەشدار کۆمپانیاکانی دەوڵەتی تورکن، هەروەها کۆمپانیای چەند وڵاتێکی دیکەی بیانی و ناوخۆیی بەشدارن.

كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: بەردەوام هاوكار و هەماهەنگی كۆمپانیا و بازرگانەكانی خۆمان و وڵاتانی دیكەش بووین بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی كوردستان كاری وەبەرهێنان بكەن، لە چوار ساڵی داهاتوو پلانی وەزارەتی برتی دەبێت لە گرینگی دان بە بەرهەمە ناوەخۆییەكان و بە تایبەتیش لەلایەنی كشتوكالەوە.

کردنەوەی ئەم پێشانگایە کە چوار ڕۆژ دەخایەنێت، لە کاتێکدایە، هاوڵاتیانی باشوری کوردستان دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بایکۆتی کاڵای تورکیان کردووە و ئەوە نیگەرانیی تەواویی بەرپرسانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی لێکەوتووەتەوە.

س.ح