دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرکرد

دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی گشتی سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ  بەتۆمەتی "خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن" دەركرد.


بەپێی نووسراوێك کە لە لایەن دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی گشتی سلێمانی  کە ڕۆژی ١٤ی ئەم مانگە دەرچووە و ئاراستەی"گشت ئەندامانی بەرزەفتی دادوەر، گشت ئەندامانی پۆلیس، هەر كەسێك ئەم گرتننامەیەی بەردەست دەكەوێت" کراوە فەرمانی دەستگیركردن بۆ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەرچووە.

نووسراوە كە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە ئەو لایەنانەی لە سەرەوە ناویان هاتووە دەتوانن شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، دەستگیر بکەن و "بیدەن بەدادگاكەمان، چونكە لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی سكاڵای لەسەر تۆماركراوە".

فەرمانی دەستگیرکردنەکە بە گوێرەی ماددەی (٢) لە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەرچووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا دوای ئەوەی چەند جارێک هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ١١ خۆبەخشی جوڵانەوەکە دەستگیرکراون و تا ئێستاش لەلایەن دادگاوە چارەنووسیان دیاری نەکراوە و دەستبەسەرن.

 

ک.س