داوای دەستگیركردنەوەی تۆمەتبارانی كەیسی منداڵە ٨ ساڵانەکە دەكرێت

ژماریەك لە چالاكوان و ڕۆژنامەنووس و پارێزەرانی شاری هەولێر، گردبونەوە و داوای دووبارە دەستگیركردنەوەی ئەو تۆمەتبارانە دەکەن کە دەستدرێژی جنسییان کردبووە سەر منداڵە تەمەن ٨ ساڵانەکە، وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەریش دەڵێت: تۆمەتبارانی دۆسییەکە دەستگیركراونەتەوە.


بە دروشمی "تاوانباران مەشارنەوە" ئەمڕۆ ژمارەیەك لە چالاكوان و پارێزەر و ڕۆژنامەنووسانی شاری هەولێر، لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری هەرێم گردبوونەوە و داوای دووبارە دەستگیركردنەوەی ئەو تۆمەتبارانەیان کرد کە دەستدرێژی جنسییان کردبووە سەر منداڵە تەمەن ٨ ساڵانەکە و ١٧ی ئەم مانگە تۆمەتبارانی دۆسییەکە بە بڕیاری دادوەر بەكەفالەتی ٣٠ میلۆن دیناری عێراقی ئازادکران.

لوقمان ئیسماعیل، باوكی ئەو كچەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، دوای ئازادكردنی ئەو كەسانە، لە بنكەی پۆلیسی ڕاستی فشارم دەخەنە سەر بۆ ئەوەی كەیسەكە بگۆڕم لەبەرژەوەندی ئەو تۆمەتبارانە.

وتیشی: هەر لەسەرەتاوە برای بەرپرسێك هەڕەشەم لێدەكات بۆ ئەوەی سكاڵاكەم بكشێنمەوە و پێشی ڕاگەیاندوم ئەگەر سكاڵاكەم نەكشێنمەوە هیچم بۆ ناكرێت و تۆمەتبارانیش ئازاد دەكرێن، "ئێستا قسەكەم هاتۆتە دی و تۆمەتباران ئازادكراون".

وتیشی: ئەو كەسانەی دەستدرێژیان كردوەتە سەر كچەكەم هاتبوونە سەر ماڵمان و دەرگایان شكاندوە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە كچەكەم بڕفێنن، داوا دەكەم یاسا سەروەربێت و ئەو تۆمەتبارانە بە سزای یاسایی بگەینرێن و چارەسەری كچەكەم بكرێت، چونكە لە بارودۆخێكی دەروونی خراپدایە بەتایبەت دوای ئازادكردنی تۆمەتباران ترس دایگرتووە و بارودۆخی زۆر خراپە.

لای خۆیەوە پارێزەر ئاسۆ هاشم، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ وەكالەتنامە لە باوكی كچەكە وەردەگرین بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ كەیسەكە بكەین، بەپێی ئەو ماددە یاساییانەی ئەو تۆمەتبارانەی پێی دەستگیركراون كە ماددە ٣٩٣یە بە هیچ شێوەیەك ڕێگا نادرێت تۆمەتبار ئازادبكرێت هەر  لە ماددەكەدا هاتووە دادوەر دەتوانێت یاسای لە سێدارەدانیش دەربكات بەسەر تۆمەتباردا".

هەرچەندە باوکی منداڵەکە و پارێزەرەکەی ئاماژەیان بە دەستگیرکردنەوەی تۆمەتباران نەکرد، بەڵام شەهرام میرحاج، وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری لەمیانی گردبونەوەکەدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، لێكۆڵینەوە لەو كەیسە دەستیپێكردوە، ئەمڕۆش تۆمەتبارانی دۆسییەکە دەستگیركراونەتەوە و لە ئێستادا چاوەڕێی كۆتایی هاتنی لێكۆڵینەوەین لەو كەیسە.

ک.س