دروستکردنی باسوق و سجوق لە گوندکانی کوردستان

باسوق و سجوق، دوو جۆر شیرینین، کە بەشێکن لە بەرهەمە ناوخۆییەکانی کوردستان و بەشێوازێکی تایبەت و بە چەندین تامی جیا جیا لە گوندەکانی کوردستان بەرهەمدەهێندرێت، شەوچەرە و دانیشتن و کۆڕەکان شیرینتر دەکات.


ساڵانە لە گوندەکانی کوردستان چەندین بەرهەمی کوردەواریی بەرهەم دەهێندرێت و دەخرێتە بازاڕەکانەوە، باسوق و سجوق دوو جۆر شیرینین و لەو بەرهەمانەن، کە لەگوندەکان بەرهەمدەهێندرێت و ڕەوانەی بازاڕەکان دەکرێت و کڕیارەکان لەدەوری خۆیان کۆدەکەنەوە.

گوندی کانی توو، لە سنووری شارەدێی بنگرد-ی شارۆچکەی دوکان، یەکێکە لەو گوندانەی ساڵانە بەرهەمی ڕەزە ترێ-کانیان دەکەنە باسوق و سجوق.

دانیشتووانی گوندی کانی توو، بە چەندین شێواز باسوق و سجوق بەرهەم دەهێنن، کە هەندێک لە جۆرەکان سادەن و بەتامی جیاواز بەرهەمی دەهێنن، هەندێکیشیان گوێزی دەخەنە ناو.

محەمەد حاجی محمود، دانیشتووی گوندی کانی توو، یەکێکە لەو گوندنشینانەی کە ساڵانێکە باسوق و سجوق ئامادەدەکات و دەیفرۆشێت، دەڵێت: باسوق شیرینیەکی سروشتی کوردەوارییە، لە ترێ دروستدەکرێت، کەمێک ئامادەکردنی قورسە، بەڵام هەم خۆشە و هەم پاکو خاوێنە.

ئەو گوندنشینە سەبارەت بە چۆنێتی ئامادەکردنی باسوق و سجوق، دەڵێت: سەرەتا نزیکەی ١٠ کیلۆ ترێ بۆڵ بۆڵ دەکەیتە ناو مەنجەڵێکی گەورەوە، دواتر دەیگوشیت و هیچ تەڕییەکی پێوە ناهێڵێت، دواتر دەی پاڵێویت، لەدوای ئەوەی پاڵاوتت چنگێک یان بڵێین ١٠٠ گرام گڵی دۆشاوی تێدەکەیت، ئەم گڵە، گڵێکی تایبەتە و لە هەموو شوێنێک نییە، ئەم گڵە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ترشێتی بۆڵە ترێ پێ نەگەیشتووەکان لەناو گوشراوەکە ناهێڵێت و تامی شیرین دەکات، دواتر ئاردی تێدەکەین بۆ ئەوەی خەستبێتەوە.

محەمەد، ئاماژە بەوەدەکات، کە لەدوای ئەوەی گوشراوی ترێکە ئامادە دەکەن، دەیخەنە سەر ئاگر و دەیکوڵێنن، کەسێک بەردەوام دەبێت ئاگاداریی گوشراوەکە بێت و تێکی بدات بۆ ئەوەی نەبێتە تۆپەڵ، لەدوای کوڵانیش ئەو کەسە هەر بەردەوام دەبێت لەسەر تێکدانی هەتا خەست دەبێتەوە.

بەر لەوەی گوشراوەکە بە تەواوەتی خەست ببێتەوە، سجوقی لێ ئامادە دەکرێت، سجوق کاکڵەی گوێز ئامادەدەکرێت، گوێزەکە پێشتر لەلایەن گوندنشینەکانەوە ئامادەکراوە و کراوە بە پەتێکەوە، دواتر لە گیراوەی ترێکە هەڵدەکێشرێت و بە تەنافێکدا هەڵدەواسرێت هەتا وشک دەبێتەوە، دواتر ئامادە دەبێت بۆ خواردن، ئەمە پێی دەوترێت سجوق.

باسوق، شێوازێکی دیەکی ئامادەکردنی هەیە، ئەویش ئەوەیە، کە لەدوای خەستبوونەوەی تەواوی گیراوەکە، لەسەر سینییەک هەڵدەڕێژرێ و کەمێک لێی دەگەڕێن تا خۆی دەگرێ، پاشان بە چەقۆ پارچە پارچەی دەکەن، ئینجا دەیگوازنەوە بۆسەر سینیەکی دیکە بۆ ئەوەی باشتر هەوا لێی بدات و زوو وشک ببیتەوە، دەبێت چەند ڕۆژێک لەسەر ئەو سینیانە بمێنیتەوە بۆ ئەوەی وشک بێتەوە، لەدوای وشکبوونەوەی ئامادە دەبێت بۆ خواردن و فرۆشتن.

هەنێک لە گوندنشینان بۆ شیرینکردنی شاوانی زستان و کۆڕ و کۆبوونەوەکانیان باسوق و سجوق ئامادە دەکەن، هەندێکی دیکەشیان بۆ فرۆشتن ئامادەی دەکەن و بەشێک لە بژێوییانی پێ دابین دەکەن، لە ئێستادا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا یەک کیلۆ باسوق و سجوق بە ( ٨ تا ١٢) هەزار دیناری عێراقی دەفرۆشرێت و کڕیاری زۆرە.

د.ع