دواین زانیاریی دەربارەی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵات و ئێران

دۆخی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵۆزە و لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنیەکانی ئێران، ژمارەی کوژراوەکانی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٣٠ کەسی تێپەڕاندووە.


خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارەمین ڕۆژیدا بەردەوامە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە توندترین شێوە هێرش دەکەنە سەر خۆپیشاندەران، خوێندنگاکان لە چەندین پارێزگا دەوامەکانیان ڕاگیراوە و تادێت ژمارەی کوژراو و بریندارەکان زیاتر دەبێت.

سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندانەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی ئاشتیانە لەدژی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین دەستیپێکرد، بەڵام وەک خۆپیشاندەران باسی دەکەن و ئەو ڤیدیۆیانەی وەک بەڵگە بڵاوکراوەنەتەوە، بە فەرمانی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران و هەڕەشەی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران، هێزە ئەمنییەکان بە دڕندانەترین شێوە هێرش دەکەنە سەر خۆپیشاندەران.

لەو ڤیدیۆیانەی دەستمان گەیشتوون دیارە کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری جوانڕۆ پارێزگای کرماشان لەسەر بینای دادگای ئەو شارەوە بە شێوەی ڕاستەوخۆ تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن!، هەروەها لە کرماشانیش هەمان کرداری هێزە ئەمنییەکان دووبارە کراوەتەوە.

هەروەها، لە شاری مەریوان لە پارێزگای سنە، هێزە ئەمنییەکان دەست لە کەس ناپارێزن بە منداڵانیشەوە، لە ئەنجامدا چەندین کەس کوژراون و برینداربوون.

لە شاری سنەش لە چەندین شوێن پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان ڕوویداوە، و باس لەوە دەکرێت کە ناوەندێکی ئەمنی سەربە سوپای پاسداران کەوتووەتە دەست خۆپیشاندەران.

بە هەمان شێوە خۆپیشاندانەکان لە پارێزگاکانی دیکەی ئێرانیش بەردەوامە و شەوی ڕابردوو لە زۆربەی شارەکان خەڵک لە سەر شەقامەکان سەنگەریان لە هێزە ئەمنییەکان گرتووە و بەرگری لە خۆیان دەکەن.

بەپێی ئەو ڤیدۆیانەی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێتەوە، شەوی ڕابردوو چەندین بانک، بنکەی بەسیج و شوێنی حکومی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سووتێندراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی ئاڵۆزی لەناو شارەکان هەموو خوێندنگا و زانکۆکانی پارێزگاکانی، تارانی پایتەخت، ئەلبورز، ئیسفەهان، شیراز و خوزستان، دەوامیان ڕاگیراوە، هەروەها میترۆی شاری ئیسفەهانیش بۆ دووەمین ڕۆژی بەردەوام گواستنەوەکانی ڕاگرتووە و داخراوە، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کوژاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکان لەسەر شەقامەکان زۆربەی گەورە ڕێگاکانی ناوشاری تاران و شەقامەکانی چەندین گەورەشاری دیکەی ئێران داخراون.

لەسەر ژمارەی کوژراوەکان تا ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی و ڕوون بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام بە پیێ هەواڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تا ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە ٣٠ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە ١٥٠ کەسیش برینداربوون.

هەروەها دەنگۆی کوژرانی چەندین کەس لە شارەکانی دیکەی ئێران هەیە، بەڵام ژمارەیان ڕوون نەبووەتەوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە، تا ئێستا لە جوانڕۆ نزیکەی ١٤ کەس کوژراون و زیاتر لە ٥٢ کەسیش برینداربوون، لە مەریوان ١٢ کەس کوژراون و ٧٠ کەس بریندار بوون، لە کرماشان ٩ کەس کوژراون و ٢٠ کەسیش برینداربوون، لە سنە کەسێک کوژراوە و ٢٦ کەسیش برینداربوون، لە شاری بۆکان لە پارێزگای ئورمیەش کەسێک کوژراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنیا ناسنامەی زیاتر لە ١٠ کەسی ئەو کوژراوانە ئاشکرا کراوە و ناسنامەی ئەوانی دیکە ڕوون نەبووەتەوە، هەروەها باس لەوەدەکرێت کە هێزە ئەمنییەکان بریندارەکان دەڕفێنن و دەست بەسەر تەرمی کوژراوەکانیش دەگرن، بۆ ئەوەی تاوانەکانی خۆیان بشارنەوە، لەلایەکی دیکەشەوە زۆرێک لەو کەسانەی برینداردەبن بۆ ئەوەی دەست هێزە ئەمنییەکانی ئێران نەکەون سەردانی نەخۆشخانەکان ناکەن.

لە شارەکانی دیکەی ئێرانیش تا ئێستا ژمارەی کوژراوەکان ڕوون نەبووەتەوە، بەڵام بەپێی ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێتەوە، ژمارەی کوژراوەکانی شارەکانی دیکەی ئێرانیش ١٠ کەسی تێپەڕاندووە و سەدان کەسیش بریندار بوون..

هەروەها باس لەوە دەکرێت کە زیاتر لە هەزار کەس لە هەموو پارێزگاکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراون یان دەستگیر کراون.

لە دوێنیەوە هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن دەوڵەتەوە بڕاوە و هەواڵەکان بە درەنگی و دژواری بڵاو دەکرێنەوە، بۆیە دەستگەیشتن بە ئامارێکی ڕوون لەم کاتەدا ئەستەمە.

س.ح